ڕێگە بە گەڕانەوەی بەعسیەکان نادرێت

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لەکۆبوونەوە ئەمڕۆ بەھۆی نەبوونی تەوافق لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دوا خرا بۆ چەند ڕۆژی دی، چونکە پێویستە ھەموولایەنەکان لەسەر بگەنە ڕێککەوتن..جەختیشی کرد، بەھیچ شێوەیەک جارێکی دیکە ڕێگە بەگەرانەوەی بەعسیەکان نادرێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانی (بەنگین مزووری) ڕاگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری بکەن، بەڵام دوا خرا بۆ چەند ڕۆژی دی، چونکە پێویستە کوتلەکان لەبارەی کۆ ببنەوە و، تێدا بگەنە تەوافق و ئەوکات لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
(بەنگین مزووری) گوتیشی، ئێمە وەکو کورد تاوەکو ئێستا ھیچ ھەڵوێستێکمان لەسەر نەبووە، بەڵام ھەندێک مادەی ھەموار دەکرێتەوە کە بەپێی ھەندێک بەڵگە دەبێت، ئەگەر نا بەھیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەڕانەوەی بەعسیەکان نادرێت، چونکە دژی دەستووریشە نەک تەنھا یاسا، بۆیە بە ھیچ جۆرێک ڕێگە بە بەعسیەکان نادرێت بگەڕێنەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی.
(مزووری) ڕوونیشی کردەوە، ڕەنگە ڕێگە بەو کەسانە بدرێت کە بەرپرسی ھۆبەیەک یاخود خوارتر بوونە، ئەگەرنا ڕێگە بە بەرپرسی باڵاکانی حیزبی بەعس نادرێت بگەرێنەوە بۆ سەر دەستەڵات.
بڵند ئیبراھیم




