٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كورد دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسایەك نەدا.. داوا دەكات جینۆسایدی ئێزدییەكان بخرێتە ناو پڕۆژەیاساكەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- هاوپەیمانیی كوردستانی دەنگیان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە نەدا كە ئەمڕۆ لە ‌ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، ئەوەیش بە هۆی ئاماژەنەدان بە كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لەناو پڕۆژەیاساكەدا.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شیرین عەبدولڕەحمان دینۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسایەكی سەبارەت بە تاوانەكانی داعش دژ بە منداڵە بێتاوانەكانی عێراق پێشكەش كرد كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و‌ لەلایەن لیژنەی یاسایی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ ئامادە كرابوو، بەڵام هاوپەیمانیی كوردستانی كە لە سەرجەم لیستە كوردستانییەكان پێك دێت، دەنگیان بەو پڕۆژەیاسایە نەدا، چونكە پێمان باش بوو بڕگەی تایبەت بە كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان ئامادە بكرێت و بخرێتە سەر ئەو پڕۆژەیاسایە، بۆیە دوای خوێندنەوەی یەكەم بڕیار درا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كاتێكی دیكە دوا بخرێت".

(دینۆ) گوتیشی: "داعش جیا لەوەی هێرشی كردە سەر ئێزدییەكان، لە هەمان كاتدا بە هەزاران كەسی ئێزدیی لە زیندان كردووە و كۆمەڵكوژیی گەورەی ئەنجام داوە كە بەشێك لە كۆمەڵكوژییەكان ئەو منداڵانە بوون كە گوللەباران كراون و بەشێكیان كوژراون كە تا ئێستایش چارەنووسی هەزاران كەسیان بە نادیاری ماوەتەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتیشی: "لە ڕێگای ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن تا كارەساتی ئێزدییەكان وەك جینۆساید لە جیهاندا بناسرێت، بۆیە دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیەیش نادرێت تا ئەو بڕگانە زیاد دەكرێن كە داوا كراون".

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار