٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوكارییەكانی ژاپۆن گەیەندرانە ژنان و منداڵانی ئاوارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە بەردەوامیی هەڵمەتی نیشتمانیی كۆمەككردنی ژنان و منداڵانی ئاوارە، كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردستانی – ژاپۆنی، بڕێكی زۆر پێداویستیی ئافرەتان و منداڵانی گەیاندە ئەنجوومەنی خانمان كە لەلایەن گەلی ژاپۆنی پێشكەش بە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كراوە، تا لە رێگەی كەمپینی "با بە كۆمەك فرمێسكی ژنان و منداڵانی ئاوارە بسڕین" بەسەر منداڵان و ئافرەتانی ئاوارەدا دابەش بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان خاتوو (فلۆرین گۆرگیس) بە یاوەریی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان (دلێر ئیبراهیم)، پێشوازییان لە سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتیی كوردستانی- ژاپۆنی (نەوزاد رەشید بێشونی) و شاندێكی یاوەری كرد، كە هاوكارییەكانیان گەیاندە ئەنجوومەنی باڵای خانمان تا لە نزیكترین كاتدا بەسەر ژنان و منداڵانی ئاوارەدا دابەش بكرێت.

ئەم هاوكارییە پێداویستیی ژنان و منداڵان لە خۆ دەگرێت و لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە دەگەیەندرێتە ئاوارە و پەنابەران.

هەڵمەتی نیشتمانی "با بە كۆمەك فرمێسكی ژنان و منداڵانی ئاوارە بسڕین" كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە 13-ی مانگی ئابی 2014 دەستی پێ كردووە، تا ئێستا بە دەیان تۆن پێدوایستی و خۆراك و شیری منداڵان هەروەها یارمەتیی دارایی بۆ ئاوارەكان كۆ كراوەتەوە و، بۆ كەمكردنەوەی ناڵە و ئازاری ئاوارەكان، بە تایبەتیش ئافرەت و منداڵان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش كراوە. هەروەها دوای دوو رۆژ لە ئازادكردنی چیای شەنگال رۆژی 21/12/2014 ئەنجوومەنی باڵای خانمان بە سەرپەرشتیی ئەمینداری گشتی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامان و كارمەندان و خۆبەخشان، بڕی 12 تۆن هاوكاری كە پێك هاتبوو لە كەلوپەلی منداڵان و ئافرەتانی گەیاندە ئاوارەكانی سەر چیای شەنگال.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار