ئەمەریكا دەزانێ حەشدی شەعبی لە تكریت سەركەوتوو نابێت.. ئەزموونی لە شكستەكەی ئەنبار وەرگرتووە

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری سەربازی و راوێژكاری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان دەڵێت، كاتی خۆی (سەرۆك بارزانی) زۆر هەوڵی دا عێراق بەو قۆناخە نەگات، بەڵام (نووری مالیكی) عێراقی گەیاندە ئەو دۆخە، بۆیە لە ئێستادا كە ئەمەریكا رێگری لە حەشدی شەعبی دەكات بچێتە تكریت، بۆ ئەوەیە كە پێشتر ئەزموونی لە ئەنبار هەبوو كە شكستیان برد، بۆیە بڕوایان وایە ئەگەر پشتگیری لە هۆزە سونییەكان بكرێت، دەتواندرێت ناوچەكانیان لە تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن.
شارەزای بواری سەربازی و راوێژكاری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستا ن (عادل بەرواری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەشدی شەعبی پشتگیری و هاوكاری و تەنانەت بیرۆكەی دامەراندنەكەیشی لەلایەن ئێرانەوەیە و ئەو شەڕەی لە عێراق ڕووی داوە، بە هۆی سوننە و شیعەوە بووە، چونكە شیعە هەمیشە ویستوویەتی سوننە بێدەسەڵات بكات، لەبەر ئەوەی خۆپێشاندان و مانگرتن و گرفتەكانی ئەنبار و فەللوجە هەمووی بۆ ئەوەی بوو خۆیان لەژێر دەسەڵاتی شیعە ڕزگار بكەن، بەڵام بەداخەوە (نووری مالیكی) رێگر بوو، سەرەڕای ئەوەیش كە (سەرۆك بارزانی) و هەموو لایەنەكان هاوكار بوون ئەو كێشەیە بە ئاشتی چارە بكرێت، بەڵام سوودی نەبوو، چونكە (سەرۆك بارزانی) دەیزانی ئەو دۆخە نەخوازراوە هەموو عێراق دەگرێتەوە".
(بەرواری) گوتیشی: "ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانیی سوننە، لەگەڵ ئەوەدا بوون كە ناوچە سونییەكان لەلایەن هۆزە سونییەكانەوە رزگار بكرێن نەك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق و ئەمەریكایش لە رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش هاوكارییان بكەن، چونكە پێشتر ئەزموون لە ئەنبار هەبووە كە حەشدی شەعبی شكستی هێناوە، هەر بۆیەیش ئەمەریكا ئێستا رێگری دەكات بچێتە تكریت و شەڕی داعش بكات".
ئەو شارەزا سەربازییە ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر هۆزەكانی ناوچەكە و حكوومەت بێلایەن بن و ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش هاوكار بن، ناوچە لە تیرۆریستانی داعش رزگار دەكرێت، چونكە كۆمەڵە كەسایەتییەكی بەهێزی سوننە هەن كە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، لەوانە (ئوسامە نوجێفی)، (ئەیاد عەللاوی ) و (ساڵح موتڵەگ) كە ئەمانە ئەگەر هاوكارییان بكرێت، دەتوانن ناوچەكانیان رزگار بكەن.
بڵند ئیبراهیم




