قاسم سمێڵ: جگە لە پێشمەرگە، ئێزدییەكان هیچ هێزێكی دیكەیان قبووڵ نییە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، تاكو هێزی پێشمەرگە لە شنگال هەبێت و یەك كوردی ئێزدی لە ناوچەكەدا مابێت، پێویستیان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە، هەر هێزێكی دیكەیش بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی) نەیەتە ناوچەكە، لای ئێزدییەكان جێگەی قەبووڵ نییە و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستنەوە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێڵ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر هێزێك لای (سەرۆك بارزانی) جێگەی قەبووڵ نەبێت، لای ئێمەیش وەك ئێزدییەكان قبووڵنەكراوە و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە، بۆیە هەر هێزێكی نایاسایی وەك حەشدی شەعبی، بۆیان نییە بێنە دەڤەرەكە".
( قاسم) ئاماژەیشی دا: "لە ئێستادا سوپایەك بە ناوی سوپای عێراقەوە نەماوە، ئەگەر ئەو سوپایە لە كاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش كاری خۆی كردبایە، دۆخی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە بە ئەمڕۆ نەدەگەییشت و داعش ئەوەندە نەدەهاتە پێشەوە، بۆیە ئەو هێزانەی ئێستا بە هەر ناوێكەوە دروست دەكرێن، لای ئێمە وەك كوردانی ئێزدی جێگەی قبووڵ نین و، تاكو هێزی پێشمەرگەیش هەبێت، پێویستمان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە".
رابین شێروانی




