ئاری هەرسین: پێویستە ئەو بەرپرسانەی بڕیاری چەند برا و تاقانەکان جێبەجێ ناکەن سزا بدرێن
__2015_03_27_h20m13s52__RM.jpg)
ههولێر-KDP.info-ناردنی چەند برا و تاقانەکان بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ جێبەجێنەکردنی فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و، پێویستە كه ئهگهر هەر فەرماندەیەک ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکات سزا بدرێت.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لە هەندێک میحوەر، چەند برا و تاقانەکان لە بەرەکانی جەنگدان، ئەوەیش سەرپێچی کردنی بریاری (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، پێویستە هەر فەرماندەیەک ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکات سزا بدرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەیش وەک لیژنەی پێشمەرگە داوای دانیشتنمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کردووە.
(ئاری هەرسین) سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستا لە زۆربەی میحوەرەکاندا چەند برا و تاقانەکان لە بەرەکانی جەنگدان، ئەوەیش جێبەجێنەکردنی بڕیار و فەرمانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بۆیه پێویستە ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەن سزا بدرێن.
(هەرسین) گوتیشی: بریارەکە دەرچووە، نازانین بۆچی لە هەندێک میحوەر و لەلایەن هەندێک فەرماندەوه جێبەجێ ناکرێت! هەر بۆ زیاتر بە دواداچوون لەسەر ئەو بابەتە، نووسراوێکمان بەرز کردووەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی وەک لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا کۆ ببینەوە، هەروەها پێش ماوەیەک وەزیری پێشمەرگەم بینی و رایگەیاند بریارەکەم جێبەجێ کردووە و، فەرمانەکە بە نووسراو بەسەر فەرماندە و هێزەکاندا دابەش کراوە".
لای خۆیشیەوە بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (بەھار عەبدوڵرەحمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، لەکۆبوونەوەی لیژنەکەیاندا بڕیاردرا کە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن بەمەبەستی گەیاندنی داواکاریەک بۆ ئەوەی بڕیاری ژمارە ١٩ی تایبەت بەهێزی پێشمەرگە هەریەکە لە حکوومەت و پەرلەمان جێبەجێیی بکات کە بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێ مووچەی پێشمەرگە هاوتای مووچەی هێزەکانی ناوخۆ بکرێت و دەرماڵەی مەترسیش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکرێت.
شایانی باسە، دوای ئەوەی لە 25/10/2014 لە شەڕی رزگارکردنی شارەدێی زوممار سێ برای شارۆچکەی سۆران پێکەوە شەهید بوون، هەر دوای ئەوە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی دەرکرد و بڕیاری دا، نابێت لێرە بە دواوە چەند برا و تاقانەکان پكهوه لە بەرەکانی جەنگدا بن".
رابین شێروانی-بڵند ئیبراهیم




