داعش ٨٠ تەرمی دیکەی بۆ گەڕایەوە

مووسڵ-KDP.info-سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مووسڵ پێیڕاگەیاندین کە، ئەمڕۆ ٨٠ تەرمی دیکەی تیرۆریستانی داعش گەڕاوەتەوە مووسڵ کە گشتیان بە دەستی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکانەوە کوژرابون..سەرچاوەکە دەیشڵێت، داعشان بێهەژمار برینداریان هەن و کۆڵان بە کۆڵان بانگڕادێرن تا خەڵکی بەهانایانەوە بچێت.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، دوێنێ ١٥٠تەرم و ئەمڕۆیش ٨٠ تەرمی دیکەی تیرۆریستانی داعش گەڕاوەتەوە مووسڵ کە گشتیان بەدەستی هێزەکانی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکانی هاوپەیمانان کوژراون.
(مەموزینی) سەبارەت بە بریندارەکانیشەوە دەڵێ، بێهەژمار تیرۆریستان برینداریان بۆ گەڕاونەتەوە نێو مووسڵ، کار بەوە گەیشتووە لەرێگەی بڵندگۆ و لەسەر ئۆتۆمبێلەکانەوە کۆڵان بە کۆڵان بانگڕادێرن تا خەڵکی بەهانایانەوە بچێت.
(مەموزینی) ئاماژەیشی دا، زانیاریان پێگەیشتووە لە گوتاری ئەمڕۆی هەینی داعشاندا داوا لە گەنجان کراوە بەهانایانەوە بچن و لەدژی کورد شەڕ بکەن؛ لەلایەکی دیکەشەوە هەر دوای گوتاری هەینی داعش ١٦ چەکداری خۆی گوللەباران کرد کە لەبەرەجەنگی خازر رایان کردبوو.
"هەروەک رۆژان ئەمڕۆیش لە ناوچەی وادی عەگاب بۆمبێک بە تیرۆریستانی داعش تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا شەشیان تیداچوونە"، (مەموزنی) وایگوت.
بڵند ئیبراھیم




