٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی چالاکیی داعشان رۆژنامەنووسێک دەستگیرا کرا

سەرچاوە: KDP.info
کەلار-KDP.info- ئاساییش پەیامنێری کەناڵی سپێدەیان لە کەلار دەستگیر کرد و بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی گەرمیانیش دەڵێ، هۆکاری دەستگیردنەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو رۆژنامەنووسە چالاکیی داعشانی لە ئەکاونتەکەی بڵاو کردووەتەوە و هەروەها لە پەیجێکی دیکەیش کە چالاکیی داعشان بڵاو دەکرێتەوە وێنەی ئەمیان بینیوە.
 
ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە، لە شارۆچكه‌ی کەلار لەلایەن هێزەکانی ئاساییشی گەرمیانەوە رۆژنامەنووس (محەممەد شەهاب) پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە گەرمیان دەستگیر کرا.
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی گەرمیان نەقیب (عوسمان عەبدولکەریم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە پێوەندی بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە و بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و پێوەندی بەوە هەیە لە پەیجێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی "گەنجانی بوێر" چالاکی تیرۆریستانی داعشی بڵاوکردووەتەوە و سوکایەتیشی بە پێشمەرگە قارەمانکان کردووە، ئاخر وێنەی ئەو رۆژنامەنوسە لەو پەیجە بینراوە و ئەمە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چالاکی ئەو گروپە تیرۆریستییە لە ئەکاونتە تایبەتەییەکەیشی کە ئەمە زیاتر وایکرد کە ئاساییش دەستبەجێ دەستگیری بکات.
 
(نەقیب عوسمان) گوتیشی، لێکۆڵینەوە لەگەڵ (محەممەد شەهاب) بەردەوامەو ئەگەر هیچ تۆمەتێک بەسەریدا ساغ نەبێتەوە ئەوا ئازاد دەکرێت.
هەر لەمبارەیەوە بەرپرسی نووسینگەی گەرمیانی کەناڵی سپیدە، (محەمەد عەلی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئاساییش پێمانی گوتووە بەهۆی پەیجێکەوە کە چالاکی داعش بڵاودەکاتەوە و وێنەی ئەمیان بڵاوکردووەتەوە بۆیە دەستگیریان کردووە.
محەممەد عەلی گوتیشی: ئەکاونتەکەی (محەممەد شەهاب) لە مانگی دووی ئەمساڵ هاککراوە و بۆ ئەو مەبەستە جگە لەم پەیامنێرە کە خۆی رایگەیاندووە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە هاککراوە ئەوان هەریەکەیان لە پەیجی خۆیانەوە بڵاویانکردۆتەوە کە فەیسبوکی ئەم رۆژنامەنوسە هاککراوە و کەناڵی ئاسمانی سپێدەیش ڕونکردنەوەی بڵاوکردۆتەوە و بە زارەکیش ئاساییشیان لەم کارە ئاگادارکردۆتەوە و گوتویانە ئاگادارین.
 بەرپرسی نوسینگەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی نیگەرانی کردوون ئەوەیە بۆچی ئاساییش رۆژی پێنجشەممە دوای دەوام رۆژنامەنووسەکەیان دەستگیرکردووە و تا ڕۆژی یەکشەمە لایان بێت.
سەبارەت بەم دەستگیرکردنە سکرتێری لقی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی گەرمیان، (ئارام ئیکرام) رایگەیاند، بەرپرسانی ئاساییشی گەرمیان بە ئەوانیان ڕاگەیاندووە دوور و نزیک گرتنی ئەم ڕۆژنامەنووسە پێوەندی بە کاری ڕۆژنامەنوسییەوە نییە و بە بڕیاری دادوەریش دەستگیر کراوە، لەبەر ئەوەی دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنوسیەوە نییە، وەکو سەندیگا ناتوانن قسەی لە سەر بکەن و چاوەڕێ دەکەن لە داهاتوودا دەرکەوێت هۆکاری سەرەکی دەستگیرکردنەکە چییە، ئەوکات بەگوێرەی دەرەنجامەکان قسەیان دەبێت.
 
کاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار