سلێڤانەیی: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بووەتە یاسا

بەغدا-KDP.info- بەگوێرەی ماددەی یەك لە بڕگەی (ب)ـی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2015ی عێراق، رێككەوتنەكهی نەوت له نێوان هەولێر و بەغدادا بووە بە یاسا، ئەمەیش هەنگاوێکی زۆر گرینگ بوو، چونكە یاسا زۆر لە رێكکەوتن بەهێزترە و وادەکات بەغدا و هەولێر بە یەکجارەکی پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان بن.
بەغدا و هەولێر تا ئێستا لەسەر سکەی رێککەوتنی نێوانیان دەڕۆن کە لە کۆتاییی ساڵی رابردوودا لەنێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەبارەی نەوت و بوودجەوه واژۆی لەسەر کرا و، دواتر لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتاییە بوو بە رێککەوتن و لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقیشدا جێگیر کرا.
پێوەست بەو رێککەوتنە، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ماددەی یەك لە بڕگەی (ب)ـی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2015ی عێراق، رێككەوتنەكهی نەوت له نێوان هەولێر و بەغدا بووە بە یاسا، ئەمەیش هەنگاوێکی زۆر گرینگ بوو، چونكە یاسا زۆر لە رێكکەوتن بەهێزترە و ئەمەیش وادەکات هەولێر و بەغدا بەیەکجارەکی پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان بن.
بڕیار وایە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و، لەبابەت چەند کێشەیەکی تهكنیكییەوە رێگەچارەیەک لەگەڵ بەغدا بدۆزنەوە و بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی، لەمبارەیەوە (سلێڤانی) دەڵێت، گەشبینم بە سەردانی شاندی کوردی بۆ بەغدا کە لێکنزیکبوونەوەی زیانر وەدی دێت و، رەنگە لەو سەردانەدا تەواوی کێشەکان بە جارێك سەبارەت بە نەوت و داهات یەکلا بکرێنەوە؛ ئاخر حکوومەتی ناوەند هیچ بیانویەکی دیکەی نەماوە و هەرێم بە تەواوەتی رێککەوتنەکەی جێبەجێ کردووە و ،ئەوەی ماوە بەغداش پابەند بێت بە بەناردنی بودجەو مووچەی هەرێم.
سەرکەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێم لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و بووەتە هەنگاوێکی گرینگیش کە لە داهاتوودا هەرێم بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو بنێت، بۆ ئەم مهبەستە حاكم (سەرحان سلێڤانەیی)، روونی کردەوە کە، سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتووە، ئەوەتانێ بەغدایش ئیدی ددانی بە رەوانەکردنی نەوتی هەرێمدا نا و، ئەمەیش بۆ سەربەخۆیی ئابووری هەرێم هەنگاوێکی یەکجار گرینگە.
سەرباز واحد




