لەبەر هێزی پێشمەرگە، داعش وا دەتوێتەوە

خازر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە بەرەجەنگی خازرەوە ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیە درۆیە گوایە داعش لە گوندەكانی بەرەجەنگی خازر هێزی كۆ كردبێتەوە و، نیازی هێرشكردنی هەبێت؛ بە پێچەوانەوە داعش لەوێ زەمینگیر بووە و، وا خەریکە دوایان لەوێ دەبڕێتەوە.
(مقەدەم كەریم سەلمان) فەرماندەپێشمەرگەی بەرەجەنگی خازر، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "هەندێ ڕاگەیێنگە دەنگۆیان داخستووە گوایە داعش خۆی گورجەوە کردووە لە بەری خازری لە پێشمەرگە بدات، بەڵام هیچ وا نییە و، پێشمەرگە وەها داعشی لەو بەرەجەنگەدا کوتاوە، بڕستی لە بەر داعشان بڕیوە و، بە سەریاندا زاڵە؛ پێشمەرگە وەها تینی بۆ هێناون، داعش بەرەبەرە ناوچەکە چۆڵ دەکات؛ لە زەمینەوە تۆپخانەی پێشمەرگە بەردەوام داعش دەداتە بەر تۆپ و، لە ئاسمانیشەوە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دەیانکوتن؛ جا بەو حاڵەوە کوا دەتوانن هێرش بهێنن!"
ئەو فەرماندەپێشمەرگەیە ئاماژەی بەوەش كرد، هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر هەستن و، لە هیچ هێرشێكی چەكدارانی داعش خافڵ نینە.
ڕابین شێروانی




