حەفتەی دادێ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگدانە

سلێمانی-KDP.info-سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، کارنامە (CV)ـی بەربژارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتووەتە ئەنجومەن و، بڕیارە حەفتەی دابێ دەنگیان پێ بدرێت؛ جەختیش دەکاتەوە، ناهەقییە پارتی لە پۆستەکانی پارێزگایەکی وەکو ھەڵەبجە، کە دنیا دەیناسێت بێبەش بکرێت.
(زیاد کاکەڕەزا) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان کارنامەی بەربژارەکانی خۆی بۆ بەشەپۆستی خۆی لە ئیدارەی ڕاپەرین و، گەرمیان و، سلێمانی ناردووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و، بڕیارە دووشەممەی حەفتەی دابێ، بخرێنە بەر دەنگدان."
(زیاد کاکەڕەزا) گوتیشی، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی، هێشتا خۆمانمان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگی ئەرێیان پێ دەدەین یام نە؛ حەفتەی دابێتەوە ھەڵوێستی خۆمان دەردەخەین.
سەرفراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕوونیشی کردەوە، دوێنێ بزووتنەوەی گۆڕان و، یەکێتی کۆ بوونەتەوە؛ ڕەنگە حەفتەی دابێ بۆ وەڵامدانەوە سەردانی ئێمەیش بکەن، ئاخر لەوەتی ئێمە لە ١٨ـی مانگی ڕابردوودا وەڵامی ئەوانمان داوەتەوە، ئەوان هەر دەنگیان نەبووە.
دەربارەی بەشی پارتی لە هەڵەبجەدا، (کاکەڕەزا) گوتی: "کەینێ ئەوە ڕاستە! توخوا ئەوە ناهەقی نییە لە پارێزگایەکی وەکو ھەڵەبجە، کە دنیا دەیناسێت، پارتیی دیموکراتی کوردستان بێبەش بکرێت!"
بڵند ئیبراھیم




