شنگال.. داعش دەیان کوژراو و برینداری هەیە

شنگال-KDP.info- هەر ئا ئەم دەمودەستە، لە شنگالەوە پێیان ڕاگەیاندین کە، ئەمڕۆ داعش دوو جار هێرشی هێناوەتەە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و، هەر دوو جارەکەیش شکاون؛ هاوپەیمانانیش بە فڕۆکە سەعاتێک زیاتریش، موڵگە و بارەگانی داعشیان لە شنگال بوردومان كرد و، دەیان چەكداریان لێ کوشتوبڕ کردووە.
(عەقید عیسا زێوەیی) لە لیوای چوار لە بەرەجەنگی شنگالەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە شنگال دوو جار هێرشیان هێنایە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام هەردوو جارەکە تێکیانمان شکاند؛ هاوپەیمانانیش لە سەعات چوارەوە هەتا پێنجی ئەم دەمەوئێوارەیە داعشەکانی ناو شنگالیان بۆردومان کرد. لەگەڵ بۆردومانەکەدا، پێشمەرگەیش بە تۆپ داعشیان کوتا؛ لەو تۆپباران و بۆردومانەدا داعش كوشتە و بریندارێكی زۆری داوە و، زۆرێکیان بوونەتە ژێر دارپەردووی خانووەوە."
ئاماژەی بەوەش كرد، پێشمەرگە هێرشەکەی سەعات 12ـی داعشیان بە چل خولەک شکاند؛ داعش ڕایانکردەوە و، سەعات 3 دسان هێرشیان هێنایەوە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەو جارەیش پاش زیاتر لە سەعاتێك شەڕ و پێكدادان، شکانەوە. لەو دوو هێرشەدا هێزەكانی پێشمەرگە چ بەڵایان لێ نەکەوتووە، بەڵام داعش سەروماڵێکی زۆریان تێدا چوو."
(عەقید عیسا) ئەوەشی گوت، ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و، بۆ هەر هێرش و پەلامارێک حازروبازرن.
ڕابین شێروانی




