شارەزاییان لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان هەیە

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشکرای کرد، ئامادەکارییەکی باش کراوە بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ؛ پاش تکریت نۆرەی ئەوێیە؛ ڕەنگە هەر مانگێکی مابێت. ئەو ھێزەی ئامادە کراوە شارەزاییەکی باشیان ھەیە لە شەڕی کۆڵانبەکۆڵاندا.
(غەزوان حامد) ئەندامی لیژنەی ئاسایشوبەرگری لەئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ڕۆژی دی پارێزگای سەلاحەدین بە تەواوەتی ئازاد بکرێت و، پاشان بەرەو مووسڵ بچن و، داعشی لێ دەربکەن."
(غەزوان حامد) گوتیشی، دوێنێ کۆمەڵە 'حەشدینیشتمانی'ـیەکی دی لە سنووری قەزای بەردەڕەشدا، لە مەشق بڕانەوە؛ بەو 1300 کەسەوە، تا ئێستا شەشهەزار کەس لە مەشق بوونەتەوە و، ئامادەی شەڕن.
ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ڕوونیشی کردەوە، جگە لەوانە سوپای عێراق و، ھێزی ھاوپەیمان بەشداری لە ڕزگارکردنی مووسڵ دەکەن و، ھێزی پێشمەرگەیش ھاوکارییان دەکات.
(غەزوان حامد) ڕایشیگەیاند، ئەو ھێزەی ئامادە کراون، شارەزاییەکی باشیان ھەیە لە شەڕی کۆڵانبەکۆڵاندا و، وا چاوەڕوان دەکرێت مانگی دابێتەوە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵ هەڵگیرسێ.
بڵند ئیبراھیم




