هەرێم زیاتر لە جاران نەوتی ناردووە.. بەغدا پارە دەنێرێت

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، تا ئێستا حكوومەتی عێراق 740 ملیار دیناری ڕەوانەی كوردستان كردووە، کەچی دەبایە مانگانە ترلیۆنێكو200ملیار دیناری ڕەوانە كردبایە؛ دیارە ئێستا هەرێم زیاتر لە جاران نەوت دەداتە بەغدا و، شاندی دانوستانکەریش ناردووە بۆ بەغدا، هەربۆیە وای دەبینین بەو نزیکانە بەغدا پارەی دیکەیش بنێرێت.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەیی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "کوردستان نەوت دەنێرێت بۆ بەغدا و، بەغدایش پارە دەنێرێ، جا بەوەدا دیارە هەردوو لا پابەندن بە ڕێککەوتنەکەوە؛ هەڵبەت ئەوە نەبێ ڕێكەوتنەكە 100% وەک خۆی جێبەجێ كرابێت، بە تایبەت بەغدا هێشتا ماویەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات؛ خۆی ئەو ڕێکكەوتنەی لەسەر بوودجە كراوە، پەرلەمان پەسەندی کردووە و، بووەتە یاسا؛ بە گوێرەی یاسای بوودجە، هەرێم 17%ـی بوودجە گشتییەکەی عێراقی دەکەوێت و، بەغدا دەبێ بینێرێت."
(نەجیبە) گوتیشی، حكوومەتی بەغدا ئێستا 490ملیار دینار و، پێشتریش 250ملیار دیناری ڕەوانە كردبوو، هەمووی دەكاتە 740ملیار دینار، كە بەشی مووچەی مانگێك ناكات، ئاخر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مانگانە دەكاتە 850ملیار دینار و، بەغدا دەبا و دەبێ مانگانە ترلیۆنێكو200ملیار دینار ڕەوانەی كوردستان بكات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش كرد: "چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا زۆر باشە و لە جێگەی خۆیدایە و، هەردوو لا زیاتر تێک دەگەن و، بەنەکەیان بەهێزتر دەبێ، بەڵام پێویستە دەستەیەک هەبێت لە نێوان هەردوو لا و، بەردەوام چاودێری كارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات، نەك بڵێن شاند چوو، یان نەچوو كێشەیەك دروست بوو، چوونی ئەو شاندە تا ڕادەیەكی زۆر كێشەكان چارە دەكات".
ڕابین شێروانی




