قایمقامی شنگال: حکوومەتی ھەرێم داواکارییەکانی ئێمەیان قبووڵ کرد

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچکەی شنگال ئاشکرای کرد، چەندین داواکارییان دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زوممار ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم کردووە و، قبووڵیش کراوە لێیان، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی جێبەجێ نەکراوە.
(مەیسەر حەجی ساڵح) قایمقامی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو لیژنەیەکی تایبەت بە شارۆچکەی شنگال و زوممار چەندین داواکاریمان خستووەتە بەردەم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەوە ناوچانە ئاوەدان بکرێنەوە و، کارەبای ئەو ناوچانە کە لە مووسڵ دێت، ڕاستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستان بۆیان ڕابکێشرێت."
(مەیسەر حەجی ساڵح) گوتیشی، وەڵامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ داواکارییەکانی ئێمە ئێجابییە و، قبووڵ کراون، بەڵام ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە و، لەگەڵ بەغدا کێشەی ھەیە، جا کەینێ چارە کرا، داواکارییەکانی ئێمەیش جێبەجێ دەکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بەردەوامە و، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە و، وا خەڵکەکە لە بەرێکەوە دەگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




