٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دژەتیرۆری ئوستڕالیا ڕێگری لە ٢٣٠ كەس كردووە نەچنە ناو داعشەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئوستڕالیا-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ئیندیپێندێنت" ئوستڕالیا هێزێكی گەورەی دژەتیرۆری لە فڕگە و سنوورەكانەوە خستووەتە ئەركەوە، تاوەكو ئێستایش توانیویانە ڕێگری لە (٢٣٠) كەسی گوماناوی بكەن كە لەناویاندا (٣) هەرزەكاریش هەن، كە ویستوویانە گەشت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن و لەو ڕێگەیەوە بچنە ناو ڕیزی تیرۆریستانی داعشەوە.

سەرۆكوەزیرانی ئوستڕالیا (تۆنی ئابۆت) لە دانیشتنێكی پەرلەمانی وڵاتەكەیدا ئاماری چالاكییەكانی دژەتیرۆری بۆ پەرلەمان ڕاگەیاند و گوتی، لە ئابی پارەوە كاتێك یەكەی دژەتیرۆر لە هەشت فڕگەی ئوستڕالیادا بە مەبەستی ئاساییشی زیاتر جێگیر كرا، توانیویانە نزیكەی (٨٦٠٠) كەس ڕابگڕن و پرسیاریان لێ بكەن و بیانپشكنن، هەروەها ڕێگرییان لە (٢٣٠) كەس كردووە گەشت بكەن، چونكە ویستوویانە پەیوەندی بە ڕیزەكانی داعشەوە بكەن.

شیاوی گوتنە، داعش لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەوڵێكی زۆری داوە گەنجانی دەرەوە بۆلای خۆی ڕابكێشێت، بەڵام ئێستا وڵاتانی دەرەوە ڕێوشوێنی توندتریان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریكردن لە گەشتكردنی كەسانی گوماناوی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی توندڕۆیی لە لەندەن، تا ئێستا نزیكەی (٢٥٠) كەسی توندڕۆ لە ئوستڕالیاوە چوونەتە ناو ڕیزی تیرۆریستانی داعشەوە، هەروەها سەنتەری دیراساتی توندڕۆیی نێودەوڵەتی پێی وایە، ئەمەریكا كە دانیشتووانەكەی (١٣) ئەوەندەی ئوستڕالیایە، بەڵام كەمتر لە ئوستڕالیا و نزیكەی (١٠٠) كەسێكی چوونەتە پاڵ داعشەوە.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار