٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

خورماتوو..كارمەندێكی ئاسایش شەهید بوو، تیرۆریستێكیش كوژرا

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info- سەرچاوەیەک لە خورماتووەوە پێی ڕاگەیاندین کە، ئەمڕۆ هێزەكانی ئاساییشی كەركووك تیرۆریستێكی دەستگیر كرد و، لەو ئانەی لەو شارۆچكەی خورماتووەوە دەیانبرد بۆ شوێنی مەبەست، کەوتنە بەر پەلاماری کۆمەڵە تیرۆریستێکەوە و، تیرۆریستە دەستگیركراوەكە کوژرا و، ئاسایشپارێکیش شەهید بوو.

ڕائید فارووق ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پێشنیوەڕۆیە لە كاتێكدا لە لایەن هێزەكانی ئاساییشی كەركووكەوە تیرۆریستێكی دەستگیركراو دەگوازرایەوە بۆ شارۆچكەی دووزخورماتوو بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوە، لە نزیك شارۆچكەی دووزخورماتوو، لە لایەن ژمارەیەك چەكداری تیرۆریستەوە كە ئۆتۆمبیلێكیان پێ بووە دەسترێژی گوللە لەو ئۆتۆمبیلە كرا كە تیرۆریستەكەی تێدا بوو".
رائید فاروق گوتیشی: لە ئاكامدا، تیرۆریستەكە دەستبەجێ‌ كوژرا و، دوو كارمەندی هێزەكانی ئاساییشی كەركووكیش بریندار بوون، پاشان یەكێك لە بریندارەكان شەهید بوو.
ئەوەشی خستە ڕوو: ئەو تیرۆریستە زانیاری گرینگی هەبووە لەسەر تیرۆریستەكانی دیكە لە ناوچەی خورماتوو، هەربۆیە لە ترسی دركاندنی زانیارییەكان ئەمڕۆ دەسترێژی گوللەیان لە كاروانەكەی هێزەكانی ئاسایش كرد و كوشتیان؛ دیارە ئە تیرۆریستانە زانیارییان هەبووە لەوەی ئەمڕۆ تیرۆریستەكەی هاوڕێیان دەگوازرێتەوە بۆ خورماتوو.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە: چەكدارەكان پاش ئەنجامدانی تاوانەكەیان بە ئۆتۆمبیلێكی ئۆپڵ ناوچەكەیان جێ هێشتووە و، تاوەكو ئێستاش گەڕان و پشكنین لە لایەن هێزەكانەوە بۆ دەستگیركردنیان بەردەوامە.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار