٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وادەکەین عێراق بەیاننامەی ڕۆما واژۆ بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- (د. ئەشواق جاف) ئەندامی كورد لە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە،  لە ماوەی داهاتوودا كار دەكەین بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق بەیاننامەی ڕۆما واژۆ بکات بۆ ئەو مەبەستەیش نووسراوێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  پێشتر چەند داواكارییەكمان كردووە؛ یەكێك لەوانە پەسەندكردنی ڕێككەوتنی ڕۆما بوو لەلایەن حكوومەتی عێراق، چونكە ئەو ڕێككەوتنە گرنگە و پێویستە پەسەند بكرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "لەگەڵ واژۆکردنی ڕێككەوتنامەی ڕۆما ئەوكات دەتوانین ئەو كەسانەی تاوان و جینۆسایدیان کردووە، یاخود دەستیان تێدا هەبووە  بدرێنە دادگای نێودەوڵەتی .
(د. ئەشواق جاف) ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ بەنیازین نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بكەین كە پێویستە حكوومەت بچێتە نێو ڕێككەوتنەكە، هەرچەندە ئێمە پێش گفتوگۆ، دەزانین هەندێك لایەن پێیان ناخۆشە؛ ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەجێندایەكی سیاسی تێدایە، بۆیە ئەو بابەتە ئاسان نابێت بەڵام ئێمە وەك ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ وەكو ئەركێك هەوڵێكی تەواوی بۆ دەدەین و لۆگۆیەكیشی بۆ دروست دەكەین."
نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار