٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کۆنگرێس تا دێ دەنگی پاڵپشتی بۆ چەکدان بە پێشمەرگە پتر دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info-لە کۆنگرێسی ئەمریکا تا دێ پشتگیری کورد زیاتر دەبێ کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕاستەوخۆ چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدرێت.

لە ڕاپۆرتێکی (کەیرپرێس)ـدا هاتووە، لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا ژمارەی ئەو دەنگانەی کە داوای چەکدارکردنی کورد دەکەن بۆ شەڕی داعش بەردەوام لە زیادبووندان.
لە ڕاپۆرتەکەدا (ئادەم شیف) نوێنەری کالیفۆرنیا کە لە لیژنەی هەواڵگری کۆنگرێسدا خزمەت دەکات، گوتوویەتی، ئەگەر بەغدا چەک و پێداویستی سەربازی پێویست بۆ کورد دابین نەکات، ئەوا پێویستە ئێمە ڕاستەوخۆ بۆیان دابین بکەین. مایکل باربێرا جەنەڕاڵی خانەنیش کە پێشتر ڕاهێنانی بە سوپای عێراق کردووە گوتی، تەنها ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هەڕەشانە ئەوەیە کە هێزەکانی عێراق و ‌هێزەکانی کوردستان پڕچەک بکەین.
هەر لەسەر ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی، ڕۆژی هەینی (جۆن ئێرنیست) گوتەبێژی کۆشکەسپی گوتی، ئەمەریکا دەستی کردوە بە ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی زیاتر بۆ سوپای عێراقی و پێشمەرگەی کوردستان.
هەروەها گوتیشی، ئێمە ئامادەییمان نیشان داوە بۆ زیادکردنی پێداویستییە سەربازییەکان کە لە ناویاندا چەکوچۆڵیش هەیە بۆ هێزەکانی ئاسایشی کوردستان کەوا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی داعش دەبنەوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیۆرک‌تایمز) کە ڕۆژی شەممە بڵاو بووەتەوە، توانای کوردی بەرز نرخاندوە کە چۆن توانیویانە هەرێمەکەیان لە عێراقدا بەڕێوە ببەن، هەڵبەت دەیشڵێت ئەمەریکا نایەوێت بچێتە ناو بازرگانیکردنەوە بەوەی کە هێزی ئاسمانی بە عێراق یان بە کورد بدات.
شیاوی گوتنە لەسەر ناردنی چەک بۆ هێزەکانی کوردستان، (باربێرۆ) باسی پێنەدانی چەکی بە کورد کردوە لەلایەن بەغداوە و، گوتوویەتی، لەژێر پرۆگرامی پێنتاگۆندا بۆ فرۆشتنی چەک و بواری سەربازی بۆ دەرەوە هاتووە، دەبووایە بایی (٢٠٠) ملیۆن دۆلار چەک بۆ کورد تەرخان بکرایە، کە لەلایەن حکوومەتەکەی مالیکییەوە هەرگیز بۆیان نەنێردراوە.
و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار