مانگێكە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ نەبووەتەوە.. بە هۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكانەوەیە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بە هۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە، ماوەی مانگێكە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ نەبووەتەوە، لە كاتێكدا پێویستە هەموو هەفتەیەك كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مینا سامی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لایەنە سیاسییەكان تاوەكو ئێستا لەبارەی حكوومەتی خۆجَییەوە نەگەییشتوونەتە رێككەوتن، ئەمەیش بە هۆی تێكەڵكردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پارێزگای سلێمانی، هەر لەبەر ئەوەیش ماوەی مانگێكە ئەنجوومەنی پارێزگا نەیتوانیوە كۆ ببێتەوە، لە كاتێكدا پێویستە هەموو هەفتەیەك ئەنجوومەن كۆ ببێتەوە.
(مینا) گوتیشی: "پارتیی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لە حكوومەتی خۆجَیی سلێمانی و هەڵەبجەدا بەشدارێكی كارا بێت، ئەگەرنا ئێمە بەشداری ناكەین، چونكە بەڵێنمان بە جەماوەری پارتی و دەنگدارانی خۆمان داوە خزمەتیان بكەین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: "بە لایەنەكانمان گوتووە ئەگەر ئەوان لەسەر هەڵوێستەكانیان مكوڕن، با كاندیدەكانیان بێنن بۆ ناو ئەنجوومەن و دەنگیان لەسەر بدرێت و یەكلای بكەنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر كۆبوونەوەكان دوا نەكەون، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ باسێك لەوبارەیەوە نییە و وەك خۆی ماوەتەوە".
بڵند ئیبراهیم




