تكریت.. هاوپەیمانان فڕۆكەی چاودێری و هەواڵگرییان بەكار هێنا

بیبیسی-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی"، هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتیی دەكات، دەستیان بە بەكارهێنانی فڕۆكەی چاودێریكردن و كاری هەواڵگری لە ئاسمانی شاری تكریتدا كردووە، ئەمەیش بۆ دیاریكردنی پێگە و جموجۆڵەكانی داعش و پێدانی زانیاری بە هێزەكانی عێراق.
لە ڕاپۆرتەكی "بیبیسی"ـدا هاتووە، بەرپرسانی هاوپەیمانان دەڵێن، دەسەڵاتدارانی بەغداد داوای یارمەتییان لێ كردوون، هەڵبەتە شێوازی پشتگیریكردنەكە ڕوون نەكراوەتەوە ئاخۆ هەر لە چوارچێوەی بەكارهێنانی فڕۆكەی چاودێریكردندا دەمێنێتەوە یان هێرشی ئاسمانییش لە خۆ دەگرێت.
دوێنێ سێشەممە بەرپرسانی سەربازیی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بە "ئەسۆشیەتدپرێس"ـیان گوت، لەسەر داوای بەغدا لە ڕۆژی شەممەوە ئەوان دەستگا هەواڵگرییەكان و چاودێریكردنیان وەكو پشتگیرییەك بۆ سەركەوتنی شەڕەكان لە تكریت ئامادە كردووە و لە ئێستادا لە كاردان، هەروەها ڕەتیان كردەوە كە باسوخواس لەسەر بەكارهێنانی هێرشی ئاسمانییش بكەن، چونكە بە هۆی بەشداریكردنی ڕاستەوخۆی ئێران لە شەڕی تكریتدا، دۆخەكە بۆ بەشداریكردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەستیارە.
شیاوی گوتنە، سوپای عێراق لە سەرەتاوە لەو سنوورە پێشڕەویی باشیان كرد، بەڵام بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێت بەرەوپێشچونەكانی سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكان وەستاون، بە گوتەی بەرپرسانی شەڕەكەیش، داعش لە سەنتەری شارەكە كۆ كراوەتەوە و لە هەموو لاوە گەمارۆ دراوە.
و/ خالید ئەحمەد




