٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانگی دادێ، هەرێم رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەرنادەی دەرەوە دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان رۆژانە هەناردەكردنی نەوتی خۆی زیاد دەكات و لە ئێستادا رێژەی هەناردەكردن بۆ ٤٧٥ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرز بووەتەوە، بڕیاریشە سەرەتای مانگی داهاتوو بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرز ببێتەوە.

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان جگە لە نەوتی كەركووك، زیاتر لەو رێژەیەی بۆی دیاری كراوە نەوت هەناردە دەكات كە ٢٧٥ هەزار بەرمیل نەوتە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە قەرەبووی ئەو كاتانە بكاتەوە كە لە مانگەكانی سەرەتای ئەمساڵدا كەمی ناردبوو، بەڵام ئەوەی كەركووك ئەگەر كەمیش بێت، لەسەر هەرێمی كوردستان حیساب ناكرێت".

(دۆسكی) گوتیشی، لەمەودوا بە بەردەوامی رێژەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە زیاد دەبێت، چونكە كەشوهەوا خۆشتر دەبێت وئەمەیش كاریگەریی خۆی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە هەیە.
ئەوپەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا كۆی ئەو نەوتەی رادەستی بەغدا دەكرێت، ٤٧٥ هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی چوارەوە ئەو رێژەیە بۆ ٦٠٠هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرز بكرێتەوە.

دەشڵێت، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەوان بە شێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئەو رێككەوتنەدا دەكەن، بۆیە پێویستە چارەیەك بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێتەوە و ڕێككەوتنەكەیش وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار