بڕیارە شاندێكی دیكەی هەرێم بچێتەوە بەغدا.. مەحموود عوسمان: هەناردەكردنی نەوت لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیكات لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردایە، بۆیە ناردنی نەوت بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، لە قازانجی هەردوولایە و دەبێت بەغدا درك بەو ڕاستییە بكات.
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. مەحموود عوسمان) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ناردنی بڕێك پارە لەلایەن بەغداوە، نیشانەی ئەوەیە كە هەدوولا دەیانەوێت ڕێككەوتنی نێوان خۆیان جێبەجێ بكەن، وایش بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێم بچێتە بەغدا، بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هەردوولایش لەسەر ڕێككەوتنەكە، نیشانەی ئەوەیە كە هەناردەكردنی نەوت لە قازانجی هەردوولایە".
(د. مەحموود) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان بە شایەتیی هەموو لایەك بە رێككەوتنەكەوە پابەند بووە، چونكە وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن لە مانگی دووی ساڵی 2015-دا بڕێكی باشی نەوت لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەدا بۆ بەغدا نێردراوە".
کارزان سەباح هەورامی




