٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەڵاح دەلۆ: هەزاران خۆبەخش لە كەركووك ئامادەی شەڕی دژی داعشن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك- KDP.info-بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دەڵێت، یەكێك لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركووك ئەوەیە كە خەڵك پشتیوانییان لێ دەكات، ئێستایش هەزاران كەس ئامادەن خۆبەخشانە بچنە بەرەكانی جەنگەوە.

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەڵاح دەلۆ) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، (سەرۆك بارزانی) وەك پێشمەرگەیەك لە یەكەم ڕۆژی نەورۆزەوە تا چوارەم ڕۆژ سەردانی سەرجەم میحوەرەكانی پێشمەرگەی كردووە و هەروەها ماڵە شەهیدەكانیشی بەسەر كردووەتەوە، بۆیە مۆڕاڵی بەرزی پێشمەرگایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وایە و نایەوێت بۆ یەك خولەكیش بەرەی جەنگ جێ بهێڵێت، لە كاتێكدا بە نەخشەی سەربازیی بەڕێزیان پێشمەرگە لە كەركووك سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كردووە.

(دەلۆ) گوتیشی: "ئێستا خەڵك و پێشمەرگە و (سەرۆك بارزانی) ئاوێتەی یەكدی بوون و هەركاتێك داعش هێرش بكاتە سەر میحوەرەكانی كەركووك، هەزاران خەڵك بە چەك و تەقەمەنییەوە دێنە سەر شەقامەكان و ئامادەن خۆبەخشانە هاوكاریی پێشمەرگە بكەن، پێشمەرگەیش بە شێوەیەكی قارەمانانە بەرگری دەكات لە كاتێكدا بەغدا ئابڵووقەیەكی گەورەی لەسەر كوردستان داناوە، بەڵام ئەوەی پێشمەرگە بە بێ مووچە لە سەنگەرەكانە، مەسەلەكە بەرگریكردنە لە كەرامەتی خەڵك و خاكی كوردستان، ئیتر بۆ هیچ كەسیش نییە موزایەدەی سیاسی یان شەڕی سیاسی بە كوردستان بفرۆشێت".

لە وەڵاَمی هەندێك قسەی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسادا، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دەڵێت: "ئەگەر ئەوان راست بوونایە، ئەو كاتەی داعش مووسڵی گرت بۆ سوپای عێراق كەركووكی چۆڵ كرد؟ ئەگەر ئێمە نەبووینایە ئێستا كەركووك یەكێك دەبوو لە پارێزگاكانی ژێر دەستی داعش و ئەو كاتە نیوەی عێراق لە دەستیاندا دەبوو".

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار