لایەنێکی کوردی بە گوێرەی ڕێكکەوتنێکی ١٤خاڵە، پۆلیسی جەلەولا ڕادەستی میلیشیا شیعەکان دەکات

جەلەولا-KDP.info- بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا جارێکی دی دەدرێتەوە بە حکوومەتی ناوەند و ئەویش دەست لە کار دەکێشێتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێ، ئاخر دانەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە حکوومەتی عێراق بە گوێرەی ڕێكکەوتنێکی لایەنێکی کوردی دێ لە جەلەولا و سەعدیە، لەگەڵ میلیشیاکانی شیعە کە بە ١٤ خاڵ تەواوی شتەکانیان تاکلایانانە بڕاندووەتەوە.
(ئەنوەر حوسێن دزەیی) بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا، لە ١٨ی ئەم مانگەدا دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی جەلەولا پێشكەش بە قایمقامی خانەقین كردووە، پێوەست بەم بابەتە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "من مەبەستمە بەم دەستلەكاركێشانەوەیە دەنگی ناڕەزایەتی بە هەموو لایەك بگەیەنم! ناڕازیم لەسەر مانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا به دانەوەی بە حكوومەتی عێراق و دەمانەوێت ڕەوشی ئەمنی جەلەولا لەلایەن پۆلیسی خانەقینەوە بیت." گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەدێی جەلەولا بەپێی ڕێككەوتن بۆ جارێكی دی دراوەتەوە بە حكوومەتی عێراق، ئەمەش بەفیڕۆدانی خوێنی شەهید و بریندارەكانی ڕزگاركردنی جەلەولایە و، ئەو پۆستەیش پۆستێكی هەستیارە كە دەدرێتەوە بە حكوومەتی ناوەند."
(ئەنوەر حوسێن دزەیی) گوتیشی: " لە دوای وەدەرنانی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، لەو سێ مانگەدا، چەندین دانیشتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی جەلەولا و سەعدیە کراوە، لە دانیشتنی كۆتاییشدا ڕێككەوتنێكی ١٤ خاڵی واژۆ كراوە، كە خاڵێكی ڕێككەوتنەكە بریتییە لە ڕادەستكردنەوەی پۆلیسی شارەدێی جەلەولا بە حكوومەتی عێراق و، ڕازیبوونی دەستەڵاتدارانی ئەوێ بە ڕادەستكردنەوەی پۆلیسی شارەدێی جەلەولا بە حكوومەتی ناوەند، هۆكارێكە بۆ ڕێگریكردن لە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠، لەگەڵ ئەوەیشدا، چوار بنكەی پۆلیسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكە لە جەلەولاو سەعدییە ڕاستەوخۆ دەكەونە ژێر دەسنەڵاتی ئەفسەرو پۆلیسە عەرەبەكانەوە و هیچ ئەفسەرێكی كوردیان تیدا نیە".
بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا ئاماژەیشی دا "بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا لە سەعدیە دەستبەكارە و، عەمید (خاڵس تەمیمی) بەڕێوەبەرە، كە خەڵكی شارەبانە و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیە بۆ ئەوەی هەڵبكوتنە سەر شارەدێی جەلەولا، بەڵگەی تەواویشم لە بەر دەستدایە كە ئەم بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسە هاوكاری تیرۆریستان بوون و، كوژراوی تیرۆریستانیان بە شەهید لە قەڵەم داوە."
سەرچاوەیەكی باڵای ئیداریی ناوچەكەیش كە نەیویست ناوی ببردرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: "كۆبوونەوەی پێوەست بە پۆستەكانی جەلەولا و سەعدیە لە نێوان لایەنێکی سیاسیی کوردستانی کە تاكلایەنە لەگەڵ هیزە عێراقی و میلیشیا شیعەكان لە (جەلەولا و سەعدیە و سلێمانی و خانەقین و مەنسووریە) كراوە، هەردوو لا لەسەر 14 خاڵ ڕێك كەوتوونە، كە یەكێك لە خاڵەكان ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا جارێکی دی بدرێتەوە بە حکوومەتی ناوەند و، تەواوی شتەکانیان بڕاندووەتەوە!"
سەرباز واحید




