ئەشواق جاف: لەسەر پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی گوێ لە لیژنەی مافی مرۆڤ ناگیرێت.. هەڕەشەمان لێ كراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "كەس گوێ لە لیژنەی مافی مرۆڤ ناگرێت و حیسابمان بۆ ناكرێت، چەندەها جاریش هەڕەشەی راگرتنی كارەكانمان لێ كراوە و خودی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێشێلكاریی مافی مرۆڤی كردووە".
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای دەركەوتنی پێشێلكارییەكاندا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەكی بۆ لیكۆڵینەوە لەبارەی پێشێلكارییەكانی (حەشدی شەعبی) پێك هێنا و ئێمەیش تا ئێستا راپۆرتەكەی لیژنەكەمان نەبینیوە، بەڵام وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەران قبووڵی ناكەین پێشێلكاریی مافی مرۆڤ بكرێت، گرفتەكەیش ئەوەیە كەس گوێ لە لیژنەی مافی مرۆڤ ناگرێت و حیسابمان بۆ ناكرێت، چەندەها جاریش هەڕەشەی راگرتنی كارەكانمان لێ كراوە و خودی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێشێلكاریی مافی مرۆڤی كردووە".
(جاف) گوتیشی: "سەرەنجامی ئەو هەموو لێكۆڵینەوەیەی لە میلیشیا و حەشدی شەعبی كراوە لەسەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، تەنیا رێگەیان داوین لە هەفتەی داهاتوودا بەیاننامەیەك دەربكەین، ئاخر بەیاننامەیەك هیچ كێشەیەك چارە ناكات و ئەسڵەن شەرمیشە ئەم بەیاننامەیە دەربكرێت، چونكە بێسوودە".
پێوەست بەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە حەشدی شەعبی كوشتارگە دروست دەكەن و لە تۆڕەكان بڵاو بوونەتەوە، (ئەشواق جاف) دەڵێت: "پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران بە شێوەیەكی كرداری كار لەسەر پێشێلكارییەكان بكات و لە جێگای دەركردنی بەیاننامە، پێویستە گوشار بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق و سەركردایەتیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بۆ ئەوەی خودی خۆیان بێنە ناو كێشەكە و پێمان بڵێن كێن ئەوانەی ئەم پێشێلكاریانە ئەنجام دەدەن، تا لە كاتی پێویستدا بۆ لیكۆڵینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، دەبێ ئەوەیش بزانین كە هەندێك لایەن هەن دەڵێن ئەم گرتە ڤیدیۆییانە دروست كراون، بۆیە پێویستە ئەم لایەنەیش لە بەرچاو بگرین".
سەرباز واحد




