پێشمەرگە ئەمیرێکی دیکەی داعشانی کوشت

باشیک -KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە بەرەجەنگی باشیك ڕایگەیاند، لە شەڕەکە دوێشەو، ئەمیرێكی داعش بە ناوی (ئەبووعەوڵا) و 11 تیرۆریستی دییش كوژراون و، چەك و تەقەمەنییەکی زۆریش كەوتووەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە.
(عەمید بەهرام یاسین) فەرماندەی پێشمەرگە و بەرپرسی لیوای 7 لە چیای باشیك وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "دوێنێشەو سەعات 12:15 دەقە چەكدارانی داعش هێرشیان هێنایە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بەرەجەنگی باشیك، پاش شەڕێكی سەخت، هێزەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستاندا سەر كەوتن و، توانییان گورزێكی كوشندەیان لێ بدەن و، ئەمیرێك بە ناوی (ئەبووعەوڵا) لەگەڵ 11 تیرۆریست بكوژن و بە دەیانی دیكەیشان لێ بریندار بكەن."
ئەو پێشمەرگەفەرماندەیە گوتیشی، لەو شەڕەدا هێزەكانی پێشمەرگە، چەك و تەقەمەنییەکی زۆریشیان دەست کەوتووە.
(عەمید بەهرام) ڕوونشی كردەوە، ورەی پێشمەرگە لە ناوچەكە زۆر بەرزە و، بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ چەكدارانی داعش لە ئامادەباشییەکی تەواودانە، چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر تیرۆریستان و، بارگە و مۆڵگەیان لەناو ببەن و، ناوچەكە بە تەواوەتی لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.
ڕابین شێروانی




