"ئەگەر مالیکی ئامادەی لێکۆڵینەوە نەبێت، تۆمەتەکانی کەوتنی مووسڵی بەسەردا ساخ دەبنەوە"

ھەولێر-KDP.info- (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق باس لەوە دەکات ئامادە نییە لەبارەی ھۆکاری کەوتنی مووسڵەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵیشەوە دەڵێت، زۆر تۆمەتیان ئاراستە کردووە و ئەگەر ئامادەی لێکۆڵینەوە نەبێت، ئەوا ھەموو تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ دەبنەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەگەر پێش سێ ساڵیش مووسڵ کەوتبێت (نوری مالیکی )خەتابار بووە، چونکە ئەو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران بووە و، دانانی بەرپرسە سەربازییەکانی لە دەست ئەودا بووە، بۆیە ئەگەر ئامادەی لێکۆڵینەوە نەبێت ھەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بەسەریدا ساخ دەبنەوە."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، دەستبەرداری بانگھێشتکردنەکەی نابن و پێویستە ئامادەی لێکۆڵینەوە بێت، ئەگینا تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ دەبنەوە و، بۆ ئەو زۆر خراپتر دەبێت لەوەی ئامادە نەبێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ راشیگەیاند، وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری لە حکوومەتی پێشووی عێراق، لە مۆڵەتی نەخۆشین و ھەرکاتێک لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە لەبارەی کەوتنی مووسڵەوە ھەفتەی داھاتوو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە بوونی ھێزی ئێرانی لە عێراق (عەبدوڵڵا) دەڵێ، "لەسەر داوای مەرجعی شیعەکان ھێزی ئێرانی لە عێراق ھەیە و، چەند ئەفسەرێکیشیان لێ کوژراون و، نازانن بە عارەبییش قسە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەمان ھەیە، بەڵام (عەبادی) رەتی کردووەتەوە؛ ئەم ڕەتکردنەوەیشی لەبەر ئەوەیە نەگەڕاونەتەوە بۆ پەرلەمان."
ئەمەش لەکاتێکدایە کە، ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا رەتی کردووەتەوە کە ھیچ ھێزێکی دەرەکی لە عێراق ھەبێت.
بڵند ئیبراھیم




