كۆمسیۆنەكەی كوردستان كارمەند دادەمەزرێنێت.. بۆ ئەوەیە كاریان هەبێت نەك بۆ مووچە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كارمەند بۆ كۆمسیۆنەكەیان دادەمەزرێنن. جەختیشی كردەوە كە، خەڵك بۆ ئەوە دادەمەزرێنن كاری هەبێت نەك بۆ مووچە.
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان(هەندرێن محەممەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەو ماوەیەدا كارمەند بۆ كۆمسیۆنەكەمان دادەمەزرێنین، بەڵام میلاكی دامەزراندن وەكو ئەو میلاكە زەبەلاحە نییە كە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەیە، هیی ئێمە بە شێوەیەك دەبێت زۆر قەرەبالغ نەبێت".
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە، خەَڵك بۆ ئەوە دادەمەزرێنن كاری هەبێت، نەك بۆ ئەوەی مووچەی هەبێت.
(هەندرێن محەممەد) گوتیشی: "دامەزراندنی بەرپرسان و كارمەندان لە كۆمسیۆن بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی دەبێت و لەسەر بنەمای راگەیاندن و پڕكردنەوەی سیڤی و لێهاتوویی دەبێت، هەروەها هەموو خەڵكێكیش بۆی دەبێت داوای دامەزراندن بكات".
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ڕوونیشی كردەوە، مەرج ئەوەیە كە دەبێت بەرپرسان و كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم دەست لە كاری حزبی بكێشنەوە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، لە 1-ی 3-ی 2015ـدا دەستی بە كارەكانی كردووە.
یەحیا سابیر




