وەزارەتی ناوخۆ رێنماییەك بۆ چەكهەڵگرتن دەردەكات

هەولێر-KDP.info- بەپێی رێنمایی ژمارە (3)-ی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 17-ی 2-ی 2015 دەرچووە و رەشنووسێكی رێنماییەكەیش دەست ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، تەنیا وەزیری ناوخۆ و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی چەكیان هەیە.
لە رێنماییەكەدا ڕوون كراوەتەوە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك و هەبوونی نوێكردنەوەی چەك بە كۆمەڵێك مەرج دەبێت، لەوانە: دەبێت كەسەكە داواكارییەك پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگا بكات بەو مەرجەی كەسەكە نابێت تەمەنی لە خوار 18 ساڵی بێت، هەروەكو ئەو كەسە نابێت بە تاوانێك یان كەتنێكی ئابڕووبەر حكوم درا بێت، بۆ ئەوەش دەبێت پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەكانی تاوانی هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتی چەكهەڵگرتندا جەخت كراوەتەوە، كەسەكە نابێت كەمئەندام بێت یان نەخۆشیی دەروونی هەبێت یان كێشە لە چاوەكانیدا هەبێت بە شێوەیەك نەتوانێت چەك بەكار بهێنێت، ئەمەیش بە شتتگیریی راپۆرتی پزیشكی.
هەروەها ئاماژە دراوە كە، مۆڵەت بەو كەسە دەدرێت كە بە شێوەیەكی ڕەوا چەكی دەست كەوتبێت.
لە ماددەیەكی دیكەی رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ڕوون كراوەتەوە، پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك سنووردار دەبێت و لە حاڵەتی زۆر پێویستدا دەبێت، ئەوەیش پاش هەڵسەنگاندنی داواكارییەكان.
ئەو مۆڵەتەیشی كە دەدرێت، بۆ یەك ساڵ دەبێت و دەبێت ساڵانە نوێ بكرێتەوە، وێڕای ئەوەی كە مۆڵەتی چەكی (كڵاشینكۆف) تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە و پارێزگا و ئیدارەكان ناتوانن ئەو مۆڵەتە بدەن.
لە رێنمایی ژمارە (3)-ی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەیش هاتووە كە پێویستە دوای جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكان و رەزامەندیی دەسەڵاتی پێدان، ئەو كات بۆ پێدانی پێناسەی چەك دەبێت رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ بكرێت بۆ دەركردنی پێناسەی مۆڵەتی چەكهەڵگرتنەكە.
لە ماددەیەكی تری رێنماییەكەدا باس لەوە كراوە كە، ئەو چەكانەی لە لایەن هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و ئاساییشەوە بەكار دەهێندرێن، بەدەر دەكرێن لە مۆڵەتی پێدانی چەك.
ساڵی 1993 یاسای ژمارە 16-ی رێپێدانی چەكهەڵگرتن دەركراوە و چەندین رێكخراوی مەدەنی داوای هەمواركردنەوەی یاساكە دەكەن.
لە رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆدا دووپات كراوەتەوە، مەبەست لە دەركردنی ئەو رێنماییە، رێكخستن و سنوورداركردن و بەسیستەمكردنی مۆڵەتپێدان و نوێكردنەوەی چەكە لە هەرێمی كوردستاندا.
یەحیا سابیر




