داعش ١٨ مەزارگە و نیشانەی كوردانی ئێزدیی تەقاندووەتەوە

هەولێر-KDP.info- جگە لەناوبردن و، تەقاندنەوەی دەیان شوێنەواری ئێزدییەكان، تیرۆریستانی داعش ١٨ مەزارگە و نیشانەی ئێزدییەكانیان تەقاندووەتەوە و، بەوەیشەوە ڕاناوەستن.
(هادی دوبانی) بەرپرسی كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چەكدارانی داعش تا ئێستا جگە لە شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانی ئێزدییەكان، 18 مەزارگە و نیشانەی ئێزدیانیان تەقاندووەتەوە، هەروەها چەندین شوێنەوار و شوێنی مێژووییش تەقێنراونەتەوە و لەناو براون."
(هادی) گوتیشی: "ئێزدییەكان ٣٥٠ مەزارگە و نیشانەیان هەیە، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو نیشانە و مەزارگانە و شوێنە شوێنەوارییەكان لەژێر دەستی داعشدا ماون و مەترسییان لەسەرە."
ئەو بەرپرسەی ئێزدییەكان ئاماژەی بەوەیش كرد، هۆكاری تەقاندنەوە و لەناوبردنی ئەو شوێنە پیرۆزانە لە لایەن داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داعش تەنیا بۆ ئەوە دروست نەبووە كە مرۆڤ بكوژێت و لەناو ببات، بەڵكو دووژمنی شوێنەوار و شوێنە پیرۆزەكانە و، هەموو مەبەستی ئەوەیە وڵات کاول بكات."
ڕابین شێروانی




