٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێمی کورددستان، شەهیدکردنی سێ پێشمەرگە دیلەکەی دەستی تیرۆریستانی داعش ئیدانە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  هەواڵی شەهیدبوونی هەرسێ پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهیدان (هیشام نەبیل، پشتیوان عوسمان و ڕزگار حەمە ساڵح)  بە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەو شێوە دڕندە و نامرۆڤانەیە، هەموو کوردستانییان و مرۆڤدۆستانی دڵتەنگ و خەمبار کرد.

دیلکوشتن بەو شێوازە وەحشیگەرییە، کە دوورە لە هەموو بەها و پرەنسیپێکی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی، کارێکە تەنها لە فەرهەنگی داعش و تیرۆریستانی هاوشێوەیاندا جێگەی دەبێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە دڕندانەیە شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، دڵنیاین کە تیرۆریستان باجی گەورەی ئەم کارە دڕندانانەیان دەدەن و دەستی دادوەری هەر دەبێ بیانگاتێ. دەبێ تیرۆریستان بزانن کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ خوێنی ڕۆڵەکانمان خۆش نابین و بەرامبەر بەم تاوانه‌یان، دەبێ چاوەڕوانی سزای گەورە بن.
سەری ڕێز و وەفا بۆ ئەم سێ شەهیدە قارەمانەمان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان داده‌نوێنین و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە سەربەرزەکانی (شەهید نەبیل) و (شەهید پشتیوان) و (شەهید ڕزگار) و سەرجەم کوردستانییان دەکەین.
دروود بۆ گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی کوردستان. 

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
٢٢-٣-٢

هەواڵی پەیوەندیدار