پنتاگۆن لێكۆڵینەوە لە هەڕەشەیەكی داعش دەكات

ئەمەریكا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی" وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لێكۆڵینەوە لە هەڕەشەیەكی داعش دەكات، كە تێیدا لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت هەڕەشەی لە نزیكەی (١٠٠) بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكایی كردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە لیستێكدا كە لە ماڵپەڕ و پێگەكانی پەیوەست بە داعش بڵاو كراوەتەوە، ناوونیشانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریكاییانەیان بڵاو كردووەتەوە و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردوون.
داعش لە (سێرڤە) فەرمییەكانی ئەمەریكا داتا و زانیاری دروستی لەسەر بەرپرسە ئەمەریكاییەكان بەدەست هێناوە و هاكی كردوون، هەروەها داوای لە لایەنگرانی خۆیشیان كردووە كە (دواهەنگاو بنێن) و (مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن)، مەبەستیان لە ناوی ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییانەیە.
بەرپرسانی وەزارەتی ئەمەریكا بە مێدیاكانی ئەمەریكایان گوتووە: "ناتوانین ئەو ڤیدیۆ بڵاوكراوانە و زانیاریانە بە دروستی دابنێین، بەڵام دەیانپشكنین و لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكەین."
هەروەها بەرپرسێكی هێزی دەریایی ئەمەریكا كە شارەزای بواری یاساییە، بە "بیبیسی" گوت، پێویستە ئەو ناوانەی كە لە لیستەكەدان ڕێنمایی بكرێن كە پشكنینی زانیارییەكانی خۆیان لەناو تۆرەكانی ئینتەرنێتدا بكەن لەسەر هەبوونی (پەنجەمۆر)ـی خۆیان و هەروەها سەرلەنوێ ڕێكخستنەوە بۆ زانیارییە كەسییەكانیان بكەن.
شیاوی گوتنە، داعش لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، لە پێگەكانی ئینتەرنێتی خۆیان و نزیك لە خۆیان هەڕەشەی كوشتنیان لە چەند بەرپرسێكی سەربازیی ئەمەریكایی كردووە، لە ئێستایشدا پێنتاگۆن لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بڵاوكراوانەی داعش دەكات.
و/ خالید ئەحمەد




