سەرۆكایەتیی هەرێم سەرکۆنەی كردەوە تیرۆریستییەکەی شاری حەسەكە دەکات

هەولێر-KDP.info-سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکیدا سەرکۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری حەسەکەی کرد و لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە "بۆ خوشك و براكانیشمان لە ڕۆژئاوا و حەسەكە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی ئەوانین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و یارمەتیدانیانین".
دەقی راگەیاندراوەکە:
ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو دەستی چەپەڵی تیرۆریستان گەییشتە ئاهەنگی نەورۆزی هاووڵاتیان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و لە ئەنجامی دوو تەقینەوەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان شەهید و بریندار بوون. لە كاتێكدا كە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە ترسنۆك و قێزەوەنەی تیرۆریستانی دڕندە دەكەین، ڕایشیدەگەیێنین كە تاوانی لەم چەشنەی تیرۆریستانی دڕندە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بەهێزتر دەكات و ڕیزەكانی گەلی كوردستان لەبەرانبەر دوژمنان پتەوتر و یەكگرتووتر دەكات.
سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین. بۆ خوشك و براكانیشمان لە ڕۆژئاوا و حەسەكە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەوانین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و یارمەتیدانیانین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
21ـی 3ـی 2015




