جۆ بایدن پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد..رێزو پێزانینی ئەمەریکای بۆ پێشمەرگە دەربڕی

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەجێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت و لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا (جۆ بایدن) پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان کرد و رێز و پێزانینی ئەمەریکایی بۆ پێشمەرگە دەربڕێ.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا (جۆ بایدن) پێگەیشت .
لە پەیوەندییەکەدا جێگری سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان کرد. هەروەها هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان کرد کە لە پێناوی بەرگرییکردن لەگەڵ و وڵاتەکەیان گیانیان بەخشیوە.
جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی ئازایانە و کاریگەری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان نیشان دا کە لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرا و جۆ بایدن، تەئکیدی لەسەر دۆستایەتی و هاوکاری و هاوپەیمانێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە لەشەڕی دژی تیرۆریستان و جەختی لەسەر پێویستیی زیاتر پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
له بهرانبهردا (سهرۆك بارزانی) سوپاسی گهل و حكوومهتی ئەمەریکای كرد و تهئكیدی كردهوه كه بۆ تێكشكاندنی یهكجارهكی ئهو تیرۆریستانه پێویستە هاوكاری و ههماههنگیی نێودهوڵهتی بەردەوام بێت.




