حكوومەتی هەرێم تاوانە تیرۆریستییەكانی حەسەكە سەركۆنە دەكات

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا تاوانە تیرۆریستییەكانی حەسەكە ڕسوا دەكات و رایدەگەیەنێت، تیرۆر و تۆقاندن و تاوانە وەحشیگەرییەكانی تیرۆریستان، گەلی كوردستان لە هەوڵ و خەباتی خۆی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و گەییشتنی بە هەموو مافە ڕەواكانی سارد ناكاتەوە، بە پێچەوانەوە كوردستانیان بۆ هەوڵ و خەبات و تێكۆشانی زیاتر و بەجۆشتر هان دەدات.
ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:
بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ڕسوا و شەرمەزار دەكەین كە دوێنێ لە كاتێكدا كوردستانیان لە شاری حەسەكە، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز بوون و ئاهەنگیان بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان دەگێڕا، كرانە سەر ئاهەنگگێڕان و زۆر بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو دوو هێرشە تیرۆریستییە خۆكوژییەدا، ژمارەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.
وێڕای سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكاری شەهیدان و هیوای چاكوونەوە بۆ برینداران، دووپاتی دەكەینەوە كە تیرۆر و تۆقاندن و تاوانە وەحشیگەرییەكانی تیرۆرستان، گەلی كوردستان لە هەوڵ و خەباتی خۆی لەپێناو ئاشتی و ئازادی و گەیشتنی بە هەموو مافە ڕەواكانی سارد ناكاتەوە، بە پێچەوانەوە كوردستانیان بۆ هەوڵ و خەبات و تێكۆشانی زیاتر و بەجۆشتر هان دەدات.
سەركەوتن بۆ پەیامی نەورۆز و شاد بێت گیانی شەهیدان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
٢١-٣-٢٠١٥




