پەیامی پیرۆزبایی حكوومەتی هەرێم بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و قارەمانیەتیی پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكانی كوردستان، كە هەر یەكێكیان وەك كاوەیەكی ئاسنگەر بەرامبەر زوحاكەكانی تاریكی وەستاونەتەوە و لە سەنگەری شەرەفدا بەرانبەر بە هێزی تاریكی و شەڕانگێزی، پارێزگاری لە ئازادی و ئارامی و ئاییندەی كوردستان دەكەن، نەورۆزی ئازادی و سەركەوتن پیرۆز دەكەین.
نەورۆزی ئەمساڵمان كە نەورۆزی بەرخۆدان و بەرگریكردنە لە بوون و ناسنامەمان، دەبێ گیانی یەكڕیزیمان بەهێزتر بكات و زیاتر هانمان بدات بۆ بەرەنگاریی هەر مەترسی و كێشە و تەنگژەیەك، كە دووچاری كوردستانی ئازیزمان ببێتەوە.
كوردستانیانی خۆشەویست..
لەم نەورۆزەدا، وەك چۆن ڕۆشنایی ئاگرێك نەتەوەیەكی لە چواردەوری خۆیدا كۆ كردووەتەوە، وەهایش دەبێ ڕۆڵەكانی ئەم نەتەوەیە لە هەر وڵات و شوێنێكی جیهاندا بن، بە گیانی یەكیەتی و لەخۆبوردەییەوە بۆ بەدیهێنانی پەیامی نەورۆز، كە بوونێكی سەربەرزانە و ئازادانەیە، هەموو هەوڵ و كۆششێك بخەنە گەڕ.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری شەرەف و بەرگریمان دەكەین. نەورۆزی بەرخۆدان لە سەرجەم كوردستانیانی هەموو پارچەكانی كوردستانی ئازیز، پیرۆز دەكەین، پیرۆزبایی گەرمیشمان بۆ كوردانی تاراوگەنشین لەهەر شوێنێكی جیهاندا بن.
شكۆدار بێت نەورۆزی پێشمەرگە، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی كوردیمان.
دروود بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
20-3-2015




