خەڵکە گەڕاوەکەی كۆبانی ستاییشی سەرۆک بارزانی دەکەن و، داوایان لە گشت لایەکە بەپیر بانگەوازەکەیەوە بچن

کۆبانی-KDP.info- خەڵکی گەڕاوەی کۆبانی دەڵێن بە هۆی بانگەوازەکەی (سەرۆک بارزانی)ـیەوەیە کۆمەکی کۆبانی دەکرێت. لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانیشەوە داوا لە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و گشت لایەک دەکەن بەپیر بانگەوازەکەوە بچن تا هاوکاری و کۆمەکەکان زیاتر بن.
ئەگەر بەنێو شەقامێکی کۆبانیدا ڕێ بکەیت، وێرانەیەکە و پڕە لە کاریگەرییەکانی جەنگ؛ لەئێستادا ٥٠ هەزار کەس چوونەتەوە سەر ماڵ¬وحاڵی خۆیان، بەڵام ئیدی وەک خەڵکە گەڕاوەکەی شار بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دوان، ئەوان پێویستیان بە کۆمەکی جیهان و گشت لایەکە تا جارێکی دی ژیان لە کۆبانی دەست پێ بکاتەوە.
لە سەرەتاییترینی بژێویی ژیان کە نان و خۆراک و ئاوە، تا نۆژەنکردنەوەی گەڕەک و شەقامەکان، داواکاریی خەڵکە گەڕاوەکەیە و، (كەمال موسلیم) کە مامۆستایە لە كۆبانی دەڵێ، "لە کۆبانی دەژین، بەڵام خۆراك، كەلوپەل و هیچ پێداویستییەكمان نییە، بۆیە پێویستیمان بە هەموو شتێکە، ئاخر هیچ شتێک لەو شارەدا نەماوە."
بە قسەکانی (کەمال موسلیم)ـەوە دیارە کە لەگەڵ ئەوەی کە هیچ شتێک لە کۆبانی چێژی وەک جارانی نەماوە، بەڵام تەنیا مژدەی ئازادکردنی شارەکەی لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە بە لای ئەمەوە هەموو شتێکە، بۆیە لەگەڵ یەکەم رۆژی ئازادکردنی کۆبانییەوە، یەکڕاست خۆی پێچاوەتەوە و بەرەو شار کەوتووەتە ڕێ و، نێوچەوانی پێشمەرگەکانی ماچ کردووە.
مامۆستا (كەمال) دەشڵێت، "نزیكەی 50 هەزار كەس گەڕاونەتەوە کۆبانی، ژیانمان بە زەحمەت بەڕێوە دەچێت و ئەو شتانەی هەن و دەگاتە لامان نرخیان زۆر بەرز بووە، بۆیە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی داوای كۆمەك لە رێكخراوەكان و گشت لایەك دەكەم بە پەلە، کۆمەکی ئەو شارە بکەن."
پێشووتر بازاڕی کۆبانی جمەی دەهات، بەڵام ئێستا هەوارگەیەکی وەها وێرانە، هیچ کارێکی بۆ ئەوانە تێدا نییە تا دەستی پێوە بگرن، هەروەک (خالید محەممەد) لە تازەگەڕاوەکانی كۆبانییە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "من خۆم كە گەڕامەوە ویستم كار و كاسبی بكەم، بەڵام هیچ كارێک نییە بیکەم؛ نەک هەر کار بەڵکە پێویستیمان بە ئاو خۆراك و شیری منداڵان و پێداویستییەكانی پزیشكی و ئارد و هەرچی پێویستیی ژیانە هەیە؛ ئەوەی هەیە تەنها لەلایەن ئیدارەی شارەکەوە نان دابەش دەكرێ و لە ماڵەكانماندا نانێک نییە بیخۆین."
(خالید) لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە خێرخوازییەكان کرد کە کۆمەکی کۆبانی بکەن.
گوتیشی، "گشت خەڵکی کۆبانی ستاییشی (سەرۆک بارزانی) دەکات کە داوای لە گشت لایەک کرد کۆمەکی کۆبانی بکەن و ئێمەیش داوا دەکەین لە گشت لایەکەوە بەپیر بانگەوازی (سەرۆک) بچن."
لای خۆیەوە هاووڵاتییەکی دیکەی کۆبانی بە ناوی (محەمەد مشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئێمە پاش ئاوارەییمان لە تورکیا و ڕزگاربوونی کۆبانی گەڕاینەوە شارەکەمان، بەڵام وەک دەبینرێت کە تیرۆریستانی داعش هیچ شتێكیان نەهێشتووە، بازار نەماوە و كەلوپەلیش زۆر بە زەحمەت پەیدا دەبێت، ئەگەر هەیشبێت نرخەكەی زۆر گرانە، بۆیە پێویستمان بە رێكخراوە خێرخوازییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی كورد هەیە لە پارچەكانی دیکەی كوردستان هاوكاریی بە پەلەمان پێ-بگەیەنن."
(محەمەد مشۆ) گوتیشی، "لە دوای پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی، ئێمەی خەڵكی كۆبانیی دڵخۆش كرد، هەڵبەت دەزانین (سەرۆك) چۆن لە سەرەتای هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە بۆ سەر شارەكەمان لە خەمی ئێمە دابوو، ئێستایش هەر خەمخۆری ئێمەیە."
کۆبانی شارێکی بەساڵداچوو نییە کە وەک ئەوەی ئێستا بەسەریدا هاتووە و وێران بووە، بەڵام بەساڵداچوویێکی کۆبانی دەڵێ، "ئەگەر بۆتی بگێڕمەوە سەدان چیرۆک و یادەوەریی ئەو شارەم لایە، تەنیا لەوکاتەی داعش بەسەریدا داین، چونکە ئێستا کۆبانی رێک شارێکە لە مۆزەخانەی جەنگ دەچێ، هەموو کەلوپەلێکی شەڕی لێ کەوتووە، هەروەک (مستەفا حەمەد عەلی) تەمەن حەفتا ساڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گێڕایەوە، ئەو شارە بووەتە رۆمانێک بۆ حەفتا پشتی دی چیرۆکەکانی لە دیوەخانەدا دەگێڕدرێنەوە. ئەو گوتی پێویستە رێکخراوە خێرخوازییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كوردانی خۆمان لە ڕووی تیمی ئەندازیاری مینهەڵگر و خۆراك و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان هاوكاریمان بكەن و، یارمەتیێكی زیاتر رەوانە بکەن."
(مستەفا حەمەد عەلی) ئاماژەیشی کرد کە، "بە پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) دڵخۆش بووین، زۆر سوپاسی هەڵوێست و یارمەتییەكانی (سەرۆك بارزانی) دەكەین كە وەك یەكەم كەس بانگەوازی هەموو خەڵك و جیهانی كرد لە جیاتی ئێمەی خەڵكی كۆبانی، کە جیهان دەستی یارمەتی بگەیەنێت بە شارەكەمان بۆ ئەوەی جارێكی دی ئاوەدان بکرێتەوە، چونكە كۆبانی لەسەدا هەشتای وێران بووە، بەو هیوایەن هەموو لایەک بەپیر ئەو بانگەوازەی (سەرۆک)ـەوە بچن."
پێشمەرگە لە کۆبانیدا رەمزی مقاوەمەت و بەرگری و بەرخودان و نەبەردایەتییە، لە دیمەنی گشت خەڵکی کۆبانیدا وەفاداریی پێشمەرگە دەگوترێتەوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکەی گەڕاونەتەوە کۆبانیش، نێوچاوانی پێشمەرگەگانیان ماچ دەکرد؛ ئەوان دەیانگوت لە نێوچاوانی ئێوەوە ئێمە وا شارەکەمان ئازاد کراوەتەوە."
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەو شارەدا عەمید (تەڵعەت زراری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، خەڵكێكی زۆری شاری كۆبانی گەڕاونەتەوە، لە راستیدا ئەو ژمارەیە زۆرەیش پێویستیان بە یارمەتیی هەموو لایەك هەیە، ئەوان باس لەوە دەكەن تەنها دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوكاریكردنی ئەو شارە هاتوونەتە ئێرە، "داواكارین گشت لایەک یارمەتیی بەپەلەی خەڵکی کۆبانی بدات بۆ ئەوەی لەو نەهامەتییە ڕزگاریان ببێ."
نەشوان بەرزنجی




