نووسینگەى نوێنەرایەتیى یەکیەتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ شاندی یەکیەتیی ئەورووپادا، (فەلاح مستەفا) باسی لەو دەرفەتانە کرد کە هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی ئەورووپا دەتوانن لە ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر بەرەوپێش ببەن و گوتی، "ئێمە ئارەزووی نزیکبوونەوەی زیاتری پەرلەمانی ئەورووپا و یەکیەتیی ئەورووپا دەکەین، بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەین بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان."
بە مەبەستی تاوتووکردنی دوایپەرەسەندنەکان و هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی ئەورووپا، شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا کە پێکهاتبوو لە (ئافزال خان) جێگری بەرپرسی لیژنەی فەرعیی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئەورووپا، خاتوو (یانا هایبۆسکۆفا) باڵیۆزی یەکیەتیی ئەورووپا لە عێراق و ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، (خوان فرناندو لوبیز) ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و ژمارەیەک لە راوێژکاران، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد و لە لایەن (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارێکدا کە (کاروان جەمال) جێگری بەرپرسی فەرمانگە و (دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەلژیکا ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پوختەیەکی دەربارەی دواپەرەسەندن و پێشکەوتنە سەربازییەکان و پێداویستیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم پێشکەش بە شاندی میوان کرد. هاوکات باسی لە پرسە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی بە تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند. هەروەها ستایشی کار و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ لەخۆگرتنی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک پەنابەر و ئاوارەی سووریا و ناوخۆی عێراق کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا (فەلاح مستەفا) باسی لەو دەرفەتانە کرد کە هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی ئەورووپا دەتوانن لە ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر بەرەوپێش ببەن و گوتی، "ئێمە ئارەزووی نزیکبوونەوەی زیاتری پەرلەمانی ئەورووپا و یەکیەتیی ئەورووپا دەکەین، بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەین بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان."
هاوکات هەردوولا باسیان لە گرینگیی بوونی نووسینگەی نوێنەرایەتیی یەکیەتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها باسیان لە هاوکارییەکانی یەکیەتیی ئەورووپا بۆ هەرێم کرد، بۆ دڵنیابوونی هەرێمی کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە رێککەوتنی هاوکاری کە لە نێوان عێراق و یەکیەتیی ئەورووپادا ئەنجام دراوە.
لای خۆشیەوە باڵیۆز (هایبۆسکۆڤا) رایگەیاند کە لەم نزیکانە یەکیەتیی ئەورووپا نووسینگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەولێر دەکاتەوە، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاریی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی ئەورووپا.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەیش، وێڕای باسکردنی گرینگی کردنەوەی نووسینگەکە، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دووپات کردەوە بۆ سەرخستنی کاروبارەکانی نووسینگەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکیەتیی ئەورووپا، لەم بارەیەوە گوتی: "یەکیەتیی ئەورووپا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لەم بارودۆخەی ئێستادا ببینێت، ئەویش لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان."




