کەمال کەرکووکی لەساڵیادی ئازادی کەرکووکدا دەڵێ گشت گوندە کوردییەکانی میحوەرەکەمان ئازاد کردووە.. ئەو سنوورانەی کێشرابوون دەبێ چاک بکرێنەوە

كەركووك-KDP.info- (د.كەمال كەركووكی) لەگەڵ پەیامی پیرۆزبایی ساڵیایدی ئازادکردنی کەرکووک، پەیامێکی دڵنیایی دیکەی بە کەرکووکییەکاندا کە گشت گوندەکوردییەکانی میحوەرەکەیان لە داعش ئازاد کردووەتەوە و، تەمەننایی ئەوەیش دەخوازێت ساڵێکی دی لە رۆژی نەورۆزدا ئاهەنگی جەژنی سەربەخۆیی کورد بگێڕدرێت.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك - دوبز (د.كەمال كەركووكی) لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە وێڕای ئەوەی ٢٤ ساڵەی راپەڕینە مەزنەكەی شاری كەركووك پیرۆز دەکات و بەوبۆنەیەشەوە سڵاو بۆ گیانی پاكی گشت شەهیدە سەربەرزەكانی رێگای ئازادیی كوردستان دەنێرێ و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی شەڕی دژ بەتیرۆر دەخوازێ.
دەشڵێ، "ئەمڕۆ کە رۆژی ئازادی و سەربەخۆیی و وەدەرنانی ناحەزانی گەلی كوردە، لە دڵی كوردستانەوە پیرۆزبایی بۆ گشت کورد و کوردستانیانەوە دەنێرین و لەمیادە پیرۆزەیشدا كوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەكەینەوە كە، ئەمڕۆ سەركردایەتیی سیاسی گەلەكەمان لە دەستێكی ئەمین و بەهێزدایە و پاشەڕۆژی گەش چاوەڕێی گەلەكەمانە."
(د.كەمال كەركووكی) رونیشیكردەوە، عێراق بە زوڵم و نادادپەروەری پێكهاتووە و بە درێژایی میژوو گەلەكەمان بەوهۆیەوە توشی نەهامەتی، جینۆساید و ئەنفال بووە و دەبێ ئەو ستەمە لابدرێت و چاك بكرێتەوە؛ هەڵبەت كوردیش ببیتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و تەمانناو هیواخوازیشین لە نەورۆزێکی دی جەژنی سەربەخۆی کورد بگێڕین.
کەرکووکی روونیکردەوە ئەگەر لە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتیەكان بڕوانرێ دەرکەوتووە کە گەلی كورد مافی خۆیەتی بریار لەچارەنووسی خۆی بدات، تا ئەمسنوورە دەستکردانەی بۆ گەلەكەمان کێشراون و بۆ دانیشتوانەکەی هەمیشە نەهامەتی لێکەوتووەتەوە دەبێ چاک بکرێنەوە و گەلی کوردیش لەسەر خاکی خۆییدا دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.
گوتیشی "لەم بۆنە پیرۆزەدا داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم دەستو برد بكەن لەو داخوازیەی (سەرۆك بارزانی) ئاراستەی كردبوون و داوای كردبوو هەرچی زووە زەمینەیەكی گونجاوی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی گەلی كورد ریفڕاندۆمێكی ئازاد ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ریفراندۆم تاكە رێگایە بۆ ساڕێژبوونی برینی گەلەکەمان.
(د.کەمال کەرکووکی) هەر بەبۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووکەوە لەبابەت میحوەرەکەییەوە کە بەرپرسی میحوەری رۆژئازای کەرکوووک-دوبزە دەڵێ، لە میحوەرەکەماندا بەتەواوی تیرۆریستانمان لە گوندەكانی كوردنیشین لە خاكی پیرۆزی كوردستان وەدەرناوە و یەكگوندی كوردیش لە چنگی تیرۆریستاندا نەماوە و بگرە هەندێك گوندی عارەب نشینیشمان لەنێو سنووری كوردستان ئازاد كردووە، پێشمەرگە قارەمانەكانمان بە ورەیەكی پۆڵاینەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جموجۆڵێكی تیرۆریستان لە سەنگەری پێشەوەدان و ئەمشەویش و ئیمڕۆیش پێش نیوەڕۆ لە میحوەرەكەماندا تیرۆریستان جموجۆڵیان هەبووە، بەڵام زۆر بەباشی لێیاندرا و زیانی زۆریان بەركەوتووە و بە رۆژی خۆیان گەیەندران.
سەرباز واحد




