پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند

باشیك- KDP.info - فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك ڕایدەگەیێنێت، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان هێرشێكی داعش تێكبشكێنن و چەندین تیرۆریستیش كوژران و لەنێویاندا دوو ئەمیر هەن.
فەرماندە لە لیوای 7ـی پیادەی سۆران- هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك عەمید (بەهرام عەریف یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "درەنگانی دوێشەو تیرۆریستانی داعش هێرشیان كرد بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك - گوندی قۆپان- بەڵام هەر زوو لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە توندی بەرپەرچ درانەوە و تێکشکێندران.
عەمید (بەهرام) گوتی: بەپێی ئەو ئامارەی هەمانە چوار تیرۆریست لە شوێنی هێرشەکە كوژران و، زیاتر لە 10ـی تریشیان لێ بریندار بوون كە دووانیان پلەی ئەمیریان هەبوو بە ناوەكانی (ئەبوهاجر و ئەبودەلۆ) .
ئەو فەرماندەیەی لیوای 7ـی سۆران ئاماژەیشی دا، "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان رۆڵێكی چالاكیان هەبوو، ئەوانیش سێ مۆڵگەی تیرۆریستانیان بۆردوومان كرد و، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە، زیاتر لە 15 تیرۆریستی داعش كوژران و دۆشكەیەكیشیان تێكشكێندرا .
نەشوان بەرزنجی




