٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید دەناسرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەیلی‌مەیل)، لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردووە کە تیایدا بەڵگەی دروستیان هەیە کە، داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام داوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی دەستکەوتووە کە داعش ئەشکەنجە و، کوشتن و، توندوتیژیی سێکسی و، ڕفاندنی کچانی ئێزدی و دواتر کچەکانی وەکو کۆیلە فرۆشتوون و کردوونیەتییە دایاری بۆ چەکدارەکانی، هەروەها لە ڕەگەزی پیاواندا هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە (١٤) ساڵان بۆ سەرەوە بووە کوشتوونی، خوار (١٤) ساڵانیشی بە زۆر کردووەتە سەرباز و چەکداری خۆیان.
نووسینگەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کارە توقێنەرەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی بڵاو کردووەتەوە کە باسی تاوانکارییەکانی داعشیان کردووە و، پێشنیازێشیان کردووە کە داعش بە تاوانی شەڕ و، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید تاوانبار بکرێت.
(سوکی ناگرا) سەرۆکی دەستەی لێكۆڵەرەوەکان و ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە گوتی: ئامانج لەو شاڵاو و زۆرداریەی داعش لە دژی ئێزدییەکان بۆ بە کۆمەڵ لەناوبردنیان بووە، پێشنیازیشی کردووە کە داعش تاوانبارە بە (جینۆساید) لە دژی کەمینەکان.
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنچینەی زیاتر لە (١٠٠) شاهید و بەڵگەنامەی زیندوو و حاشاهەڵنەگر لە نێوان مانگی شەش بۆ مانگی شوبات ئەنجام دراوە و، تیشکی خستووەتە سەر بەمەبەست کوێرکردنەوە و، لەناوبردنی ئێزدییەکان.

شیاوی گوتنە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کار بکەن بۆ هێنانی  تاوانبارانی داعش بۆ بەردەم دادگای نێودەوڵەتی تاوەکو سزا بدرێن و، تاوانکارییەکەش بە جینۆساید بناسرێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە پێشتریش ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەڵگەی دەست کەوتبوو کە داعش گازی کلۆری لە بەرەکانی شەڕدا لە دژی پێشمەرگە بە کار هێناوە.

و/ خالید ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار