پارتی لەپێناو بەرژەوەندیی هەڵەبجەییەکان دەستبەرداری پۆستی قایمقام بووە

هەڵەبجە -KDP.info - (فازڵ بەشارەتی) دەڵێ، هەر لەبەر ئەوەی حکوومەتە خۆجێییەکەی هەڵەبجە پێک بهێنرێ، ئەوان وەک پارتی لە هەڵەبجە داواکاریی خۆیان لە وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی هەڵەبجە گۆڕی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە.
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە برادەرانی یەكێتی تا ئێستا نەهاتوونەتە سەر هێڵ و، وەڵامیان نەداوەتەوە؛ هەرچەندە هەڵوێستی نەرێنییان نیشان داوە بۆ ڕێككەوتن و جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە كۆبوونەوەكان بڕیارمان لەسەر دابوو؛ ئەمڕۆیش لە لێدوانەكانی ئێمە هەر یەكە لێدوانێكمان داوە، گوێبیست بووم كە بەرپرسی مەكۆی گۆڕان گوتی: ئێمە زۆرمان پێ باشە یان سەرۆكی ئەنجوومەن و، یاخود قایمقامی ناوەندیی پارێزگای هەڵەبجە بدرێت بە پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو كۆبوونەوە و گفتوگۆیانە ببڕێنەوە و، ئیدارەی پارێزگاكە جێبەجێ ببێت."
(فازڵ بەشارەتی) گوتیشی: "وەكو ئەوەی ئەو داخوازییەی ئێمەیان بە گران هەڵگرتبوو كە لەو ڕێككەوتنەی كردبوومان قایمقامی هەڵەبجە بەر ئێمە دەكەوت، بەڵام ئێمە ویستمان بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان و، پێكهێنانی شێوەی كارگێڕی نەوەستێت لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە داواكەی خۆمان گۆڕیوە، گوتمان: ئەگەر زۆر پێتان سەختە قایمقامی ناوەندی هی ئێمە بێت، دەیگۆڕین بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا."
(بەشارەتی) گوتیشی: "لەبەر دوو خاڵ ئەمەمان كردووە، یەكەم بۆ ئەوەی ئێمە نەبین یاخود ئێمە نەكەن بە بیانوو بڵێن ئەوان هەماهەنگی ناكەن لەبەر ئەوەی ئێمەی پارتیی نەرمی دەنوێنین و، نواندوومانە لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و لەپێناو ئەو بڕیارە نوێیەی كە مژدەیەكی گەورەی بە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە داوە، دووەم بۆ ئەوەی ئیدارەكە بە گەڕ بكەوێت و، جێبەجێ بكرێت و، كۆتایی بەو چەقبەستنە سیاسییە بهێنرێت."
دەیشڵێت "تا دەرفەت مابێ، هەوڵ دەدەین بەشدار ببین لە حكوومەتە خۆجێییەکەی پارێزگای هەڵەبجە و، خەڵكێكی زۆری سنووری پارێزگا و، لەناو لایەنەكانیش داوای ئەوە دەكرێت كە پارتیی دیموكراتی كوردستان بەشدارییەکی كاریگەری لە حكوومەتە خۆجێییەکەی پارێزگای هەڵەبجەدا هەبێت."
نەشوان بەرزنجی




