شەڕی مووسڵ، ملیۆنێک خەڵک ئاوارە دەکات

مووسڵ-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، وای دەبینین لە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵدا ملیۆنێک ئاوارەی دی بڕژێنە هەرێمی کوردستان.
ئەندازیار (ڕوقیە محەمەد ساڵح) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و، سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەی ئەنجوومەنی شاری مووسڵ قسەی خۆمانمان پێکەوە کردووە و، وای دەبینین لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئازادکردنی مووسڵدا، ملیۆنە کەسێک ئاوارە ببن؛ دوامان لە حكوومەتی عێراق کردووە بەشی یەك ملیۆن ئاوارە زیاتریش خیوەتگا لە ناوچە ئازادكراوەكانی پارێزگای نەینەوادا بکرێتەوە، لەوانە لە مەخموور و شێخاندا. دەسێ هەر لەئێستاوە ڕێگای دەربازبوونی ئاوارەکان دیاری بکەین. دەشێ بە گوێرەی پێویست نەخۆشخانە و نەخۆشکێش (ئەمبۆڵانس)ـیش ئامادە بكرێت بۆ وەختی خۆی .
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: "دیارە شەڕی ئازادكردنی شارەكەمان لە ئانوساتدایە و، هەر هیچ نەبێ، ملیۆنێکودووسەدهەزار كەس ئاوارە دەبن، لەبەر ئەوە داوامان لە حكوومەتی عێراق کردووە بە پەلە هەر لە ئێستاوە خیوەتگایان بۆ بکەنەوە بەڵام گوێیان لێ خەواندووە؛ چووینە لای نەتەوە یەکگرتووەکان و، ئەوانیش دەڵێن بوودجەیەکی وایان نییە و، چەندیان پێ بکرێ، دەیکەن."
(شەماڵ عادل میرۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە لیژنەی ئاوارەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە جارێ وەخۆ نەکەوتووینە جێوڕێ بۆ ئاوارەی دی دابین بکەین؛ عێراق خۆ خەمی ئاوارەی نییە، وا هەرێمی کوردستان تەنیاباڵ خزمەتی یەک ملیۆن ئاوارە دەکات؛ جا ئەگەر لە مووسڵیشەوە یەک ملیۆن ئاوارە بڕژێن بەسەرماندا، دەرقەت نایەین خزمەتیان بکەین."
دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی عێراق بە فڕۆكە پەیخاوی خستووەتە خوارەوە بۆ خەڵكی شاری مووسڵ؛ لە پەیخاوەکەدا نووسراوە ئەوەندەی نەماوە شارەكەتان ئازاد ببێت .
شاری مووسڵ دووەم پارێزگای هەرەگەورەی عێراقە؛ دیارە دەیەم شەوی حوزەیرانی پار كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئاخر هێزەكانی عێراق دەستەپاچە و بەبێ بەرگری ئەو شارەیان جێ هێشت بۆ داعش.
نەشوان بەرزنجی




