پەرلەمانتارانی ئەورووپا: خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە مایەی سەربەرزی ئێمەشە
هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا هاتنە سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و، بە دەم قسەوباسەوە، ڕایانگەیاند کە، خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە مایەی سەربەرزیی ئەوانیشە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩/٣/٢٠١٥ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لەشاندەکەی ئەندامانی کۆمیتەی بەرگری و کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەکیەتیی ئەوروپا کرد.
خاتوو سوهام عومەر و، تەحسین دۆڵەمەڕی لە ئەندامپەرلەمانەکانی کوردستان و، دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکیەتیی ئەورووپایش لەگەڵ ئەو شاندەدا دانیشتن؛ ئەندامانی شاندەکە دڵیان بەو سەردانە خۆش بوو و، گوتیان لەم شەڕەی داعشدا، "پشتی هەرێمی کوردستان دەگرین، ئاخر خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە مایەی سەربەرزیی ئێمەیشە؛ کە ئا وا لەپێناو پاراستنی بەها مرۆیی و، گیانی هاووڵاتیان، شەڕی ئەو داعشە دوژمنە دەکەن؛ ئێمە هەوڵ دەدەین توندوتۆڵتر هاوکار و پشتیوانی هەرێم بین کە سەرەڕای ئەو بێبوودجەییە، هەم شەڕی تیرۆریستان دەکا و، هەم باوەشی خۆی بۆ ئەو هەموو ئاوارەیە کردووەتەوە و، خزمەتیان دەکات."
(د. جەعفەر ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش، سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی وڵاتانی دیموکراتیکی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتی هەرێمی کوردستانیان گرتووە و، دووپاتی کردەوە: "هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە چەکوچۆڵ هەیە بۆ ئەوەی مەترسی و پەلامارەکانی داعش بە تەواوەتی تێک بشکێنێ؛ بێجگە لەوەیش خزمەتی ئەو هەموو ئاوارەیە نەک بە هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵکو هیچ وڵاتێکی دیکەیش پێی ناکرێت، هیوادارین باسی ئەم دۆخەیش بگەیێنن بە یەکیەتیی ئەورووپا کە بێن بە دەنگی هەرێمی کوردستانەوە."
لەو دیدارەدا باسی چۆنیەتیی ڕێگرتن لەو کەسانەیشیان کرد کە لە وڵاتانەوە دەچنە ناو داعش؛ باسی چۆنیەتیی هەماهەنگیی وڵاتان بۆ دابینکردنی پشتیوانی و، هاوکاریی زیاتریشیان کرد.




