٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. تاریق گەردی: بەغدا زوڵمی دەستووری و یاسایی لە هەرێم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی 2015دا هاتووە كە دەبێت 17%ـی بوودجەی هەرێم بدرێت و، نەیشیانداوە؛ لە دەستوودا هێزی پێشمەرگە بە بەشێك لە هێزی بەرگریی عێراق دانراوە کەچی مووچەی ئەوانیشی نەداوە. ئێمەی كورد بە نیازپاكی حكوومەتی عێراقمان پێك هێنا و، دامان بە دەستی عەبادییەوە؛ هەردوو لا پەیمان دا بە یەک، کەچی عەبادییش پەیمانشکێن دەرچوو، ئەمیش کسمەکەی مالیکی، پشكی هەرێمی كوردستانی هەر نەنارد.
(د. تاریق گەردی) ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی گوتی: "بەغدا هەقی دەستووری و، یاسایی و ئەخلاقییەکەی هەرێمی خواردووە و، زوڵمی لێ دەکات؛ یەکەم یاسای بوودجەی 2015، دەڵێت دەبێ 17%ی بوودجەی عێراق بدرێتە هەرێم، کەچی نەیانداوە؛ دووەمیان لە دەستووردا باسی هێزی پێشمەرگە كراوە و، بە بەشێك لە هێزی بەرگری عێراق دانراوە و، مووچەی بۆ دیاری كراوە، ئەویشیان هەر نەدراوە؛ سێیەمینیش ئێمەی كورد بە نیازپاكی حكوومەتی بەغدامان پێک هێنایەوە و، بەوە ڕازی بووین جڵەوی دەسەڵات بدرێتە عەبادی و، پەیمانمان بەست و، چووینەوە ناو حکوومەت؛ هەق وا بوو عەبادییش پەیمان بردبایەتە سەر و، پشكی هەرێمی كوردستانی بناردایە."
(د. تاریق گەردی) ئاماژەیشی دا كە لە ساڵی 2015دا پشكی 17%کەی هەریم چەسپاوە و، هێزی پێشمەرگەیش لە  بەشی هێزی وشكانیی وەزارەتی بەرگری عێراق مووچەی بۆ دیاری كراوە؛ کەچی تا ئیستا هیچ بڕیارێک جێبەجێ نەكراوە؛ لەو 583ملیار دینارە نەبێ گوایە بۆ مانگی دوانزەی پار ناردوویەتی، یەک دینار مووچەی مانگی یەك و دوو و سێی ساڵی نوێی نەناردووە، کەچی مووچەی مانگی یەك و دوو و سێی سەرجەم پارێزگاكانی عێراقی داوە، بە ئەوانەی ژێر دەستی داعشیشەوە! وا چەند ڕۆژ لەمەوبەر بڕی 60ملیۆن دۆلاریشیان تەرخان كرد بۆ حەشدی‌شەعبی، ئەو هێزەی وا لە هیچ یاسایەکدا ناوی نەهاتووە و، هەر میلیشیایەکی شیعەکان خۆیانە."
(گەردی) گوتیشی: "پار (مالیكی) بە هەندێك بیانووی بێبنەما مووچەی فەرمانبەرانی بڕی، وای بۆ دەچوو بەشکەم چۆك بە هەرێمی كوردستان دابدات تا  واز لە مادەی 140 و هەندێك بابەتی تر بهێنێت؛ بەڵام هیچی بۆ نەکرا و  دەشڵێن هەندێك لایەنی كوردیش دەستیان هەبووە لە بڕینی بوودجەدا."
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار