حكوومەت خەریكی ئامادەكردنی بوودجەی 2015یە

هەولێر-KDP.info-حكوومەتی هەرێم بۆ ڕەوانەكردنی بوودجە بۆ پەرلەمان چاوەروانی بەغدا دەكات، ئەگەرنا لەسەر بنەمای داهات، بوودجە ئامادە دەكات.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكردنی بوودجەی 2015یە و، زۆربەی کارەکانی کردووە و چاوەڕوانە بزانێ بەغدا بوودجەی هەرێم دەنێرێت، یام نا، ئەگەر ڕەوانەی نەكرد، بە گوێرەی داهاتی ناوخۆ، بەرنامەی بوودجەکە دادەڕێژێت و، ڕەوانەی پەرلەمان دەكات.
(عێزەت سابیر) سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە وەك لیژنەی دارایی داوامان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بوودجەی 2015 ڕەوانەی پەرلەمان بكات، تا دەستوبرد پەسەندی بكەین، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی لە وەڵامدا دەڵێن، ئێمە دڵنیا نین لەوەی بەغدا بوودجەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، ئەگەر بوودجە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت و، لە بەغدا بوودجە ڕەوانە نەكرێت دەبێتە كێشە؛ هەرێمی كوردستان وا داوای هەقی خۆی لە بەغدا دەکا، بەڵام ئەگەر نەیدا، کوردستان ناچارە لەسەر بنەمای داهاتی ناوخۆ، بوودجەکە ئامادە بكات و، ڕەوانەی پەرلەمانی بكات."
(سابیر) گوتیشی: "وەك لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی وەك پار بێ بوودجە نەکەوین، داوامان لە وەزارەتی دارایی و حكوومەت كردووە هەرچۆنێک بووە بوودجەکە ئامادە بكەن و، بینێرن بۆ پەرلەمان؛ ماوەیەك لەمەوبەر بەو بۆنەوە لەگەڵ حكوومەتدا كۆ بووینەوە؛ وا ئێستا ئەوان خەریكن بە هەقەبوودجەکەی بەغدامانەوە بووبێ یان بە داهاتی ناوخۆ، بوودجەکە ئامادە بکەن."
ڕابین شێروانی




