ئەحمەد عەزیز: میلیشیا شیعەكان ئاخری پەلاماری كوردیش دەدەن

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، میلیشیا شیعەكان ئەوەندەی خەمی بەهێزكردنی دەسەڵاتی شیعەکانی ناوچەکەیان هەیە، خەمی دەرپەڕاندن و لەناوبردنی داعشیان نییە. میلیشیا شیعەكان ئاخری پەلاماری كوردیش دەدەن و، دژایەتییەكە یەخەی كوردیش دەگرێت.
(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ناوچەی دووز خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پێشتر تیرۆریستان بە تەقینەوە مەبەستیان بوو ناوچەی خورماتوو بشڵەژێنن و، هەموو خەڵكیان كردبووە ئامانج، بەڵام كە ئەو میلیشیا شیعیانە هاتنە ناوچەكە مەبەستیان پاكتاوكردنی سوننەکانە؛ ئەم میلیشیا شیعانە ئەوەندەی لە خەمی بەهێزكردنی دەسەڵاتی شیعەدانە لە خەمی دوورخستنەوە و لەناوبردنی داعشدا نین و، ئەم هێڵە شیعیەش لە مەندەلیەوە دەست پێدەكات و لە كەركووك كۆتایی دێت."
دەربارەی كار و بەرنامەی میلیشیا شیعەكانیش، (ئەحمەد عەزیز) دەڵێت: "ئەم میلیشیا شیعیانە بەرنامە و پرۆگرامی تایبەتیان هەیە و، لە شوێنی ترەوە ئاراستە دەكرین؛ میلیشیا شیعەكان هەنگاوی یەكەمیان دوورخستنەوەی داعش بوو و، هەموو دێیەكانی عەرەبە سوننەكانیشیان كرد بە ناوچەیەكی داخراو و ژیانیان تێدا نەهێڵا و، ئێستا كەس لەو ناوچانەدا ناژیێت، هەنگاوی دووهەمیان كوشتن و، لەناوبردنی عەرەبە سوننەكان بوو لەناو چەكەدا و بە شەو و بە ڕۆژ خەڵكیان دەڕفاند و دەیانكوشت. لە هەنگاوی سێیەمیاندا دەستیان كردووە بە ڕفاندنی خەڵك و، دوای لێدان و ئەشكەنجەیەكی زۆر بە پارەیەكی زۆر ئازادیان دەكەن، بە گوێرەی پێشبینیەكانیش هەنگاوی لەمەولای میلیشیا شیعەكان پەلاماردانی كوردە و، دژایەتییەكە یەخەی كوردیش دەگرێت و، هیوادارین كە وایش نەبێت."
(ئەحمەد عەزیز) ئاماژەیشی دا كە چۆن ئەم میلیشیا شیعانە بە ڕێكەوتن لەگەڵ لایەنێكی كوردی هێنرانە ناوچە كوردنشینەكان، دەبێ هەر بە ڕێکكەوتن، ئەو لایەنە دووریان بخاتەوە.
سەرباز واحید




