٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆك بارزانی: پێویستە له‌ ئەولەوییەتی هەموو لایەكدا شەڕی داعش و ئازادكردنی مووسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە هه‌بێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازی نێردراوی تایبه‌تی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌، پێویستە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەموو لایەك شەڕی داعش و ئازادكردنی مووسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 18ـی 3ـی2015 لە سەلاحەدین (مه‌سعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ سیمۆن مایه‌ل نێردراوی تایبەتی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه‌ له‌ جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت نێردراوی نوێی بریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازیی سوپای بریتانیا پێكهاتبوو.
له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی كۆتایهاتنی ئه‌ركی  جه‌نه‌ڕال مایه‌ل و ناساندنی شوێنگره‌وه‌كه‌ی‌ (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) ساز درابوو،‌ شاندی سەربازیی حكوومەتی بریتانیا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشیان كرد لە سەرپەرشتیكردنی شەڕەكانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیی خۆیشیان بۆ سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە ڕاگەیاند كە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. شاندەكە ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی ڕاستەقینە و كاریگەر هێزی پێشمەرگە كردوویەتی و دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیش زۆر بەرچاو و دیارن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەڕاڵ مایەل و تیمە سەربازییەكانی بریتانیای كرد كە هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبووە و ڕۆڵیان لە سەركەوتنەكاندا گێڕاوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەزموونی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان پێشانیدا كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنەكان دەكرێ تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێن. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەموو لایەك شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بێت و بۆ چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش لایەنەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار