ڕۆژانە زیاتر لە 3500 گەشتیار لە دەروازە نێودەوڵەتییەکەی حاجیئۆمەرانەوە هاموشۆ دەكەن

حاجیئۆمەران -KDP.info- لە بەرە نەورۆزاندا، ڕێژەی هاتوچۆكردنی گەشتیاران لە دەروازە نێودەوڵەتییەکەی حاجیئۆمەرانەوە زیادی كردووە و، ڕۆژانە زیاتر لە 3500 گەشتیار بەو دەروازەیەدا هاتوچۆ دەكەن؛ بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، بۆ جەژنی نەورۆز هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە.
سەرچاوەیەك لە دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکەی حاجیئۆمەرانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هۆی نزیكبوونەوەی جەژنی نەورۆز ڕێژەی هاتوچۆكردنی گەشتیاران لە دەروازەی حاجیئۆمەران زیادی كردووە و، ڕۆژانە زیاتر لە 3500 گەشتیار بەو دەروازەیەدا هاتوچۆ دەكەن، كە زیاتریش گەشتیارانی ئێرانین و دێنە هەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "ئێمەیش لە هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ گەشتیاران كردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا مامەڵەكانیان تەواو بكەن و، گەشت بكەن".
(بارزان محەمەد) بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، خۆمانمان بۆ جەژنی نەورۆز گورج کردووەتەوە و، ڕێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر؛ هەر لە ئەمڕۆوە دەستمان کردووە بە پاككردنەوەی سەیرانگاكان و، بۆ جەژنی نەورۆز خاوێنیان دەکەینەوە؛ هەماهەنگییەکی تەواویشمان لەگەڵ شارۆچکەوانی ڕواندزدا كردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەدا ئامادەكاری بكەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا پێشوازی لەو سەریرانکەر و گەشتیارانە بكەن كە سەردانی ناوچەكە دەكەن."
ئاماژەیشی دا: "لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی سەیرانگاكان بەردەوام دەبێت؛ لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییشدا گەشتیاریان ئامۆژگاری و ڕێنوێنی دەکەین و، كیسەیشیان بەسەردا دابەش دەكەین، بۆ ئەوەی كەشێكی باشیان بۆ بڕەخسێنین."
ڕابین شێروانی




